نووسینگەی عەبادی لێدوانەكان لەدژی كوردی بەغدا رەت دەكاتەوە

:: PM:10:22:22/06/2017 ‌

سەعد حەدیسی گوتەبێژی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەركۆنەی لێدوانەكانی ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەكات لەبارەی كورد و ئەو لێدوانانەشی لە هەڕەشە بۆسەر ئاشتی كۆمەڵگە و بڵاوكردنەوەی گیاتنی رەگەزپەرستی لەقەڵەم دا.

بەم دواییە سەعد موتەلیبی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە دەوڵەتی یاسا هەڕەشەی لە كوردی بەغدا كرد بەوەی لە ئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەنگدان بۆ جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان، ئەوان رەگەزنامەی عێراقی لە كوردانی بەغدا دەستێننەوە و لە شارەكە دەریان دەكەن.

حەدیسی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە سەرمان لەو لێدوانانە سوڕ ماوە و سەركۆنەشی دەكەین كە لەلایەن ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەرچووە لەبارەی هاووڵاتییانی كورد لە بەغدای پایەتەخت و ناوچەكانی تری عێراق.

زیاتر گوتی، بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە لێدوان و بۆچوونانە هەڕەشەن بۆسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی و بڵاوكردنەوەیە بۆ رەگەزپەرستی و رق و كینە لە نێوان رۆڵەكانی وڵات و دووپاتی كردەوە كە لە یەكەم رۆژی دامەزراندنی حكوومەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیراندا رامان گەیاندووە كە لە عێراق هاووڵاتی پلە یەك و پلە دوو بوونی نییە، بەڵكو هەمووان هاووڵاتی پلە یەكی عێراقین.

زیاتر لەوە حەدیسی روونی كردەوە كە وەك پێشتریش هەڵوێستی خۆمان لەبارەی ریفراندۆم لەبارەی چارەنووسی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە و دووپاتمان لەوە كردەوە كە دەستووری عێراق بنەما و مەرجەعی یاساییە كە وەك حكوومەتی فیدراڵ پشتی پێ دەبەستین و پێویستە هەموو لایەنەكانی عێراقیش پابەندی بڕگەكانی دەستوور بن و تاكلایەنە هەنگاو ناوێن.

هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی سەركردایەتی سیاسی و لایەنە سیاسییەكانی كورد بەوەی لە 25ی ئەیلوولی داهاتوو پڕۆسەی ریفراندۆم لەبارەی دیاریكردنی چارەنووسی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبەن، هەڵمەتێك لەدژی ئەو خواستەی كورد لەلایەن چەند هێزێكی نەیار بۆ مافەكانی كورد لە عێراق دەستی پێ كردووە كە دواترینیان هەڕەشەكردن بوو لە كوردانی فەیلی كە لە بەغدا دادەنیشن بەوەی لە ئەگەری جیابوونەوەی كوردستان، دەست بەسەر سامانە نەگوازراوەكانیاندا دەگیرێت و لە عێراق وەدەر دەنرێن.

سەرچاوە: غەد پرێس




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل