سەربازێکی کەنەدی توانی لە مەودای سێ هەزار و
٥٤٠ مەتر، یەکێک لە چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش بە جۆرە چەکێکی ئەمەریکا بکوژێت.
گولـلەکە دوای ئەوەی تەقێندراوە ١٠ چرکە لە
رێگا بووە و دواتر ئامانجەکەی پێکاوە و ئەمەش بە گوێرەی "بی بی سی" بە
شکاندنی ژمارەی پێوانەیی پێکانی ئامانج لە مەودایەکی دوور هەژمار دەکرێت.
دوو بەرپرسی سەربازیی کەنەدی بە رۆژنامەیەکی
چاپی تۆرێنتۆیان گوتووە ئەو رووداوە مانگی رابردوو بووە و سەربازە کەنەدییەکە
لەسەر تاوەرێکەوە ئەو ئامانجەی پێکاوە.
ئەو سەربازە یەکێک بووە لە سەربازەکانی
کەنەدا کە لە هاوپەیمانییەتی دژی داعش بەشدارە و ناوەندی فەرماندەیی هێزە
تایبەتەکانی کەنەداش زانیاریییەکەی پشتراست کردووەتەوە.
هاوکات گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەرهەم هێنراوە کە
دەریدەخات فیشەکەکە ١٠ چرکە لە ئاسمان ماوەتەوە و دواتر ئامانجەکەی پێکاوە.
جۆری ئەو چەکەی سەربازەکە تەقەی پێ کردووە
مەکمیلان tsc ئەمەریکییە و تا ئێستە
نەتوانراوە لەو مەودایە دوورە و بەم چەکە ئامانج بپێکرێت.
سەرچاوەیەکی سەربازیش بە رۆژنامەکەی گوتووە
ئەو سەربازە کەنەدییانە رۆڵی گرنگیان هەیە لە لێدانی داعش و هۆکارن لەوەی
چەکدارانی داعش نەوێرن هیچ هێرشێک دژی هێزەکانی عێراق ئەنجام بدەن و نەشزانن لە چ
ئاراستەیەکەوە دەکرێنە ئامانج.
کەسێک بیهەوێت لەو مەودایە دوورە ئامانجێک
بپێکێت دەبێت خێرایی با، سووڕانەوەی زەوی و هەموو گۆڕانکارییەکی فیزیایی بە وردی
لەبەرچاو بگرێت و بە وردی بزانێت تا ئەو فیشەکە دەگاتە ئامانج ئاراستەکەی چۆن
دەگۆڕدرێت.
پێشتر سەربازێکی بەریتانی لە ساڵی ٢٠٠٩ بە
چەکی لاپۆمەگنۆم٣٣٨ لە مەودای دوو هەزار و ٤٧٥ مەتری چەکدارێکی تالیبانی کوشت.
ساڵی رابردوو کەنەدا سەرجەم هێرشە
ئاسمانییەکانی راگرت بەڵام لە هەمان کاتدا ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لە دژی داعش
زیاد کرد، پێویستە بگوترێت هێزەکانی کەنەدی رۆڵیان هەبووە لە راهێنانی پێشمەرگە لە
جەنگی دژی داعش.