بۆ پاككردنەوەی
شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، هەلی كار بۆ نزیكەی 100 كرێكار دەڕەخسێنرێت،
بە مووچەی مانگانە نزیكەی 350 هەزار دینار.
ئەكرەم ساڵح ،
سەرۆكی شارەوانی كەلار ، بە " وشە"ی راگەیاند، لە رێگەی شارەوانی كەلار و
بەهاوكاری و ئاگاداری چاودێری كۆمەڵایەتی گەرمیان و لایەنە پێوەندیدارەكان، دەستیان
كردووە بە تۆماركردنی ناوی کرێکاران بۆ مەبەستی پاککردنەوە.
ئەو گوتییشی، نزیكەی
100 كرێكاریان پێویستە بۆ كاری پاككردنەوە تا ئەو كاتەی كۆمپانیایەکی نوێ دەست بەكاردەبێ
بۆ كاری پاككردنەوەی شار.
ئەکرەم ساڵح راشیگەیاند،
مووچەی مانگانەیان 344 هەزار دینارە و رۆژانە هەشت سەعات دەبێت کار بکەن و شێوەی
دامەزراندنیشیان گرێبەستە و دوای ئەوەی کۆمپانیایەکی نوێ لە شوێنەکە دەست بەکار
دەبێت ئەگەری دامەزراندنی ئەو کرێکارانە لە کۆمپانیاکە زۆر بەهیزە.
لەبارەی سەرچاوەی
ئەو پارەیەی بەو كرێكارانە دەدرێ، سەرۆكی شارەوانی كەلار گوتی، حكوومەتی هەرێمی
کوردستان بڕی 512 ملیۆن دیناری بۆ دابین کردوون.
لە ناوەڕاستی ئەم
مانگە ماوەی گرێبەستی كۆمپانیای تایبەت بەپاکكردنەوەی كەلار كۆتایی هات و لە ئێستەدا
هیچ كۆمپانیایەك جێگەی کۆمپانیاکەی پێشووی نەگرتووەتەوە.
گەرمیان/ سەبری
هۆرینی