سعوودیە و سێ وڵاتی تری عەرەبی کە ماوەیەکە
سەرجەم پێوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاندووە، بۆ ئاساییکردنەوەی
پێوەندییەکانیان لیستێک داواکاری دەخەنە بەردەم حکوومەتی قەتەر و یەکێک لەو
داواکارییانەش داخستنی کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئەلجەزیرەیە.
لیستەکە لە لایەن کوێتەوە رادەستی قەتەر
کراوە. کەناڵی جەزیرە دەڵێت شەوی رابردوو چوار وڵاتەکە بە یەکەوە لیستەکەیان
ئامادە کردووە.
بە گوێرەی داواکارییەکانی لیستەکە، پێویستە
قەتەر پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێراندا بپچڕێنێت، بنکەی سەربازی تورکیا
هەڵبوەشێنێتەوە و کەناڵی جەزیرەش دابخات. ئەم سێ مەرجە بەشێکن لەو مەرجانەی
رادەستی قەتەر کراون بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان.
سعوودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و
بەحرێن، دوو هەفتە لەمەوبەر سەرجەم پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند و
بەوە تۆمەتباریان کرد، قەتەر یارمەتی تیرۆریستان دەەدات.
بە گوێرەی رادیۆ فەردا تا پێش ئەو داواکارییە،
بەرپرسانی قەتەر چەندین جار رەتیان کردووەتەوە پچڕانی پێوەندییەکان هیچ
کاریگەرییەکی بۆسەریان هەبێت و دەتوانن ئاسایش و ئابووری و تەناهی خۆیان بپاریزن.
لەو کاتەوە هەندێک وڵاتی عەرەبی پێوەدنییەکانیان
لەگەڵ قەتەردا پچڕاندووە، هەر یەک لە ئێران و تورکیا هەوڵیان داوە زیاتر لە قەتەر
نزیک بکەونەوە و پێوەندییەکانیان گەرموگوڕتر بکەن.
دوای
ئەوەی لە دابینکردنی پێداویستی خۆراکی و شتومەکی مارکێتەکان قەتەر تووشی تەنگژە
بوو، هەر یەک لە ئێران و قەتەر ئاستی هەناردەیان بۆ ئەو وڵاتە بەرز کردووەتەوە.
کەناڵی ئەلجەزیرە بە پاڵپشتی شای قەتەر لەساڵی
١٩٩٦دامەزرا و ١٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کرا، لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە قەتەر بودجەیەکی
تایبەتی بۆ بڕیەوە و هەموو ساڵێک ٣٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان دەکات. جەزیرە دوای
ئەوە لە رۆژئاوا ناسرا کە وتارەکانی ئوسامە بن لادنی بڵاو دەکردەوە، دەگوترێت لە
بری بڵاوکردنەوەی هەر خولەکێک وتاری بن لادێن ئەو کەناڵە ٢٠ هەزار دۆلاری وەردەگرت. ئێستە ئەلجەزیرە لە
ژمارەی بینەرانیدا رەکابەری بی بی سی دەکات.