ئایفۆن8.. گۆڕانكاری مێژوویی تێدا دەبێ

:: PM:01:46:29/10/2016 ‌

هەرچەندە نزیكەی دوو مانگ بەسەر بڵاوبوونەوەی دواڤێرژی مۆبایلی كۆمپانیای ئەپڵ "ئایفۆن7" تێپەڕیوە، بەڵام لە ئێستەوە پێگە تەكنۆلۆجییەكان پێشبینی و دەنگۆی سەیر و جیاواز لەبارەی ڤێرژنی داهاتووی كۆمپانیای ئەپڵ كە بریتی دەبێ لە "ئایفۆن8" بڵاو دەكەنەوە. 
پێگەی "نیكای" ژاپۆنی بڵاوی كردووەتەوە كە بەگوێرەی سەرچاوەكان، ڤێرژنی نوێ و نەوەی داهاتووی ئایفۆن گۆڕانكاری چاوەڕواننەكراوی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەجۆرێك پێكهاتەكەی لە شووشە دەبێ و شەفاف دەبێ، بە سێ قەبارەی جیاجیا بڵاو دەكرێتەوە كە بریتی دەبن لە "4.7 بۆسە و 5.00 بۆسە و 5.5 بۆسە".

ئەو ماڵپەڕە ژاپۆنییە ئاماژەی بەوەش داوە، كە نەوەی نوێی ئایفۆن شاشەیەكی تەواو پێشكەوتووی بە كوالێتی "OLED" دە‌بێ، هاوكات دوو جۆریشی شاشەكانیان "LCD" دەبێت.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، كۆمپانیای ئەپڵ بۆ بەرهەمهێنانی ئەو ڤێرژنە نوێیەی ئایفۆن لە ئێستەوە كەوتووەتە گفتوگۆ لەگەڵ دوو گەورە كۆمپانیای چینی كە لە بواری تەكنۆلۆجیا كار دەكەن، ئەوانیش بریتین لە كۆمپانیاكانی "بایل كریستاڵ" و "لێنز تەكنەلۆجی".

ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە گفتوگۆكانی ئەپڵ و ئەو دوو كۆمپانیا چینییە بۆ ئەوەیە كە بەهاوكاری ئەو دوو كۆمپانیا چینییە بە تێچوویەكی كەمتر پەیكەری شووشەیی ئایفۆن 8 دروست بكەن.

سەرچاوە: سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د