سلێمانی.. ژن و پیاوێكی هەولێری بەسەر بڕاوی دۆزرانەوە

:: AM:09:30:24/06/2017 ‌

بەهۆكارێكی نادیار لە شوقەیەكی شاری سلێمانی، ژن و پاوێكی خەڵكی شاری هەولێر بە سەربڕاوی دەدۆزرێنەوە و پۆلیسی شارەكەش دەڵێت، تا ئێستە هۆكاری تاوانەكە ئاشكرا نەكراوە و تیمەكانمان لە شوێنی ڕووداوەكەن.

ئەمڕۆ شەموو 24ی حوزەیران، نەقیب سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تیمەكانی بەڵگەی تاوان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و تەرمەكانیش رەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراون بەمەبەستی زانینی تاوانەكە.

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تا ئێستە هۆكارەكانی كوشتنی ئەو ژن و مێردە دیار نییە و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە و دەرئەنجامەكەی ڕادەگەیەنین.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو ژن و مێردە خەڵكی شاری هەولێرن و ماوەی چوار مانگە لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بوونە، ئەو ژن و مێردە لە نهۆمی دووەمی شوقەیەك دەژین لە نزیك مزگەوتی بەختیاری و دراوسێ عەرەبەكەیان پۆلیسی لە رووداوەكە ئاگەدار كردووەتەوە. 



وشە - رامیار جەواد