یەكەمین بڕیار لەبارەی كێشەی كەمئاویی شاری هەولێر دەرچوو

:: AM:09:33:24/06/2017 ‌


بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كە ئاراستەی شارەوانی كراوە، هۆكاری كەمئاویی شاری هەولێر ئاشكرا كراوە و یەكەمین بڕیار بۆ كەمكردنەوەی كێشەی كەمئاوی بە بڕینی ئاوی شووشتنگەكان دەستی پێ كردووە.

ئەمڕۆ شەموو 24ی حوزەیران، بەگوێرەی ئەو داواكارییەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و تیایدا هاتووە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر نووسراوێكی فەرمی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر كردووە دەڵێت، دوای پەرەسەندنی كێشەی كەمئاوی لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر، بەشێك لە هۆكارەكەی ڕێگە پێدانە بە شووشتنگەكانی ئۆتۆمبێل لەسەر تۆڕی ئاوی ماڵانە.

لە نووسراوەكەی ئەنجوومەن هاتووە، پێویستە بەشێوازێكی تر ئاو بۆ شووشتنگەكان دابین بكرێت و لەسەر تۆڕی ئاوی ماڵان لا ببرێت و لە داهاتووشدا ڕێگە بە دروستكردنی شووشتنگە نەدرێت لەسەر تۆڕی ئاوی ماڵان بە پێچەوانەوە بەر پرسیارەتی هەڵدەگرن.

ئەم نووسراوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە كاتێكدایە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر بە دەست كەمئاویی ماڵان دەناڵێنن و چەندان جار بە سەردانكردنی بەرپرسانی شاری هەولێر كێشەكانیان خستووەتە ڕوو وەك گەڕەكەكانی " 32ی پارك و ڕۆژهەڵات و فەرمانبەران و نەورۆز و كەسنەزان.





وشە - رامیار جەواد