لە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە شاری دهۆك، ئاهەنگێكی گەورە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و ناساندنی شوێنە گەشتیارییەكانی دهۆك و دروستكردنی كەشێك پڕ چێژ و خۆشی ئەنجام دەدرێت.
عەبدوڵا داود بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئامادەكارییەكانمان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان تەواو كردووە و پلانێكی زۆر باشمان داناوە، بە پێی پێشبینییەكانیشمان ڕۆژانە لە نێوان دوو تا سێ هەزار گەشتیاری بیانی سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی پارێزگای دهۆك دەكەن، ئەمە جگەلە خەڵكی ناوخۆ و شارەكانی تری كوردستان كە ڕوو لە دهۆك دەكەن.
هەروەها گوتی بەگوێرەی پێشبینییەكان، ئەمساڵ هاتنی ڕێژەی گەشتیاران بۆ دهۆك بە بەراورد بە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوو زیاتر دەبێ، بۆیە 12 لیژنەی تایبەتمان داناوە بە شەو و بە ڕۆژ لە خزمەتی گەشتیاران دەبن و دیاری و شیرینییان پێشكەش دەكەن و ڕێبەرییان دەكەن.
ئاماژەی دا، ئاهەنگی ڕۆژی یەكەمی جەژنی ڕەمەزان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و پشتیوانیكردنە لە ڕیفراندۆمی كوردستان كە لە 25 مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت، ئاهەنگەكە لە شانۆیی ڕۆمانی لەسەر ڕووباری دهۆك ساز دەكرێت.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، لە ڕۆژانی جەژندا دەرگەی هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانەكان بە ڕووی گەشتیاران كراوە دەبێ و لە هەموو ڕوویەكەوە ئامادەكاری تەواو كراوە و كۆمپانیاكانی گەشتیاری هاوئاهەنگییان لەگەڵ كراوە، تا بە خێرایی ڕێكارە تەناهییەكان تەواو بكەن.
لە سنووری پارێزگای دهۆك 12 جۆری گەشتوگوزار هەن و 200 شوێنی گەشتیاریش هەن، دهۆك بەیەكێك لە شارە دەوڵەمەندەكانی كوردستان دادەنرێ لە ڕووی شوێنی گەشتیاری و هەوارگە و تاڤگە و سەرچاوە سروشتییەكان.
دهۆك/نەوزاد هلۆری.