ئێران لە رێی حەشدی شەعبییەوە كار بۆ لەكەداركردنی جەنگی مووسڵ دەكات

:: PM:02:05:29/10/2016 ‌

هێزەكانی حەشدی شەعبی پاڵپشتكراو لەلایەن ئێران، رووبەڕووی هەموو هێزە ناوەخۆیییەكانی پارێزگەی نەینەوا دەوەستنەوە كە بەشداریكردنیان لە جەنگی ئازادكردنەوەی شارەكە رەت دەكەنەوە، ئەوان لە نێو دوودڵی هەڵوێستی حكوومەتی عێراق ئەمڕۆ شەموو پاڵ بەهێزەكانیان دەنێن بەرەو قۆڵی رۆژئاوای مووسڵ كە یەكێكە لەو دەروازانەی وەك دەرچەیەك بۆ هەڵاتنی هاووڵاتییانی مووسڵ دیاری كراوە.

بەپێی سەرانی چەند گرووپێكی ناو حەشدی شەعبی ئەو چەكدارانەی حەشدەكە كە پێشتر بەشدارییان لە جەنگی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی تری عێراق لە داعش كردووە وەك تكریت و رومادی و فەلووجە، كە ئەوان بە ئەنجامدانی پێشێلكاری لە دژی سونە تۆمەتبار كراون، بەشداری لە جەنگی مووسڵ دەكەن لە رێگەی كردنەوەی بەرەیەكی نوێ لە رۆژئاوای مووسڵ و ئەوان روو لە ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر دەكەن.

لە 17ی ئەم مانگە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ بە بەشداری سوپا و پۆلیسی عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و شەڕوانانی هۆزەكانی مووسڵ بە پاڵپشتی هاوپەیمانی دژ بە داعش لە قۆڵەكانی باشوور و باكور و رۆژهەڵاتی مووسڵ دەستی پێ كرد، بەر لەوەی چەند رۆژێكە هێزەكانی حەشدی شەعبی رای بگەیەنن كە روو لە شارۆكەی تەلەعفەر دەكەن بۆ ئازادكردنەوەی لە داعش.

لە ئەگەری كردنەوەی ئەو بەرەی رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 1.5 ملیۆن لە هاووڵاتییانی شارەكە گەمارۆ دەدرێن و خۆیان لە نێوان ستەم و كوشتن و كردنە قەڵغانی مرۆیی لەلایەن داعش و گەمارۆیەكی دڕندانە و بكوژانەی هەموو قۆڵەكانی جەنگەكە لەلایەن هێزە بەشدارەكان دەبیننەوە و بەوەش دەربازی هەڵاتنیان لە دەست دەدەن، كە ئەوەش یەكێكە لە مەترسیەكانی رێكخراوە مرۆیییەكان بەتایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان.

ئەحمەد ئەسەدی گوتەبێژ بەناوی حەشدی شەعبی پاساوی پێشڕەوی هێزەكانیانی بەرەو شارۆكەی تەلەعفەر كە دەكەوێتە دووری 55 كیلۆمەتر بۆ رۆژئاوای مووسڵ، بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ئەوان دەیانەوێت ترسناكترین هێڵی پاڵپشتیكردنی داعش بەرەو شاری رەقەی سووریا ببڕن و كۆنتڕۆڵی بكەن.

بەڵام لێرەدا ئەو پاساوەی حەشدی شەعبی رووبەڕووی ستراتیجێكی جیاوازی جەنگەكە دەبێتەوە لەلایەن هێزەكانی تری شەڕوان كە دەیانەوێت ئەو رێڕەوەی دەربازی مووسڵ بەرەو خاكی سووریا تەنیا بە هێرشە ئاسمانییەكان كۆنترۆڵ بكرێت، كە هاوكات رێگەیەكە بۆ دەربازی ئەو هاووڵاتییانەی مووسڵ كە لە دەستی داعش رزگاریان دەبێت و پێیدا لە شارەكە هەڵدێن.

لەو ناوەدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە ئەركی بڕینی رێڕەوی رۆژئاوای مووسڵ بەرەو خاكی سووریا بەرپرسیارەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە كە پابەندە بە پاڵپشتیكردنی ئاسمانی و زەوینی بۆ هێزەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كە لە جەنگی ئازادكردنەوەی دوا مۆڵگەی داعش لەسەر خاكی عێراق بەشدارن. 

بۆیە لەكاتی سەركەوتنی حەشدی شەعبی لە كۆنترۆڵكردنی شارۆكەی تەلەعفەر و بڵاوبوونەوەیان لەسەر سنوورەكانی رۆژئاوای مووسڵ وا دەكات كە هاووڵاتییانی مووسڵ لەترسی پاكتاوكردنیان بەهاوشێوەی كە پێشتر لە ناوچە ئازادكراوەكانی سونە بەدەستی چەكدارانی حەشد وەك لە رومادی و فەلووجە رووی دا، روو لەو رێڕەوە نەكەن. 

دوای ئەوەی لە 17ی ئەم مانگە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە دنیا وریاییان دا لە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە جەنگەكە كە ژیان هاووڵاتییانی سونەی شارەكە دەخاتە مەترسییەوە، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش لای خۆیەوە دووبارە چەند راپۆرتێكی خۆی بڵاو كردەوە كە باسیان لە پێشێلكاری و تاوانكارییەكانی حەشدی شەعبی دەكرد لە جەنگانی پێشتری ئازادكردنەوەی چەند ناوچەیەك لە عێراق، بەتایبەتی تاوانەكانی رفاندن و ئازاردان و كوشتن كە تەنانەت دەستیان لە ئافرەت و منداڵیش نەپاراستووە. 

لە بەرامبەردا ئەو هێزانە رووبەڕووی ئەو وریاییكردنەوە و رەتكردنەوەی ژێراوژێری حكوومەتی عێراق بۆ بەشداریكردنیان لە جە نگەكە بوونەوە و روویان لە شارۆكەی تەلەعفەر كرد كە پێشتر لە قۆڵی باشوروی مووسڵ جێگیر كرابوون. 

یەكێك لەو گرووپانەی حەشدی شەعبی كە بەشدارە لە جەنگەكە و پێشڕەویكردن بەرەو تەلەعفەر، كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقییە كە جەعفەر حوسێنی گوتەبێژ بەناوی گرووپەكە رای گەیاند كە ئەوان لەپاڵ گرووپەكانی تری حەشد دەستیان بە پێشڕەویكردن بەرەو تەلەعفەر كردووە و ئاماژەی كرد كە هێزەكانی ئێران لەو پێشڕەویكردن راوێژ بە شەڕوانانمان دەكەن.

وەك دیارە كە ئێران دەیەوێت لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە رۆڵێكی كاریگەر لە جەنگی مووسڵ بگێرێت كە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا پاڵپشتی دەكرێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە ئەویش جەنگی تیرۆر دەكات، ئەوەش لەو كاتەی كە داعش لەسەردەمی فەرمانڕەوایی نووری مالیكی كە نزیكترین كەسایەتی عێراقی لە ئێران چەندان ناوچەی فرەوانی عێراقی داگیر كرد.

سەرچاوە: سكای نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل