به‌ڵگه‌..به‌غدا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ به‌ ته‌واوی داگیركرا

:: AM:10:37:24/06/2017 ‌

دوێنێ هەینی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی قودس، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شەقامی فەلەستینی بەغدا بڵاو بوونەوە، ئاڵای ئیسرائیلیان خستە ژێر پێی خۆیان و وێنەی خومەینی و خامنەیییان بەرز كردەوە و لە بڵندگۆكانەوە خەڵكی عێراق بە نەوەی ئیمام خومەینی ناو بران، ئەمەش بە داگیركردنی تەواوەتی ئێران بۆ بەغدای پایتەختی عێراق لێك دەدرێتەوە.

"رۆژی جیهانی قودس" یان رۆژی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریكردن لە شاری قودسی ژێر دەستی ئیسرائیل كە بە فارسی پێی دەگوترێت "روز جهانی قودس"، رووداوێكی ساڵانەیە و ئیسرائیل رووبەڕووی دەبێتەوە و خەڵكانێكی زۆر كۆ دەبنەوە و خۆپێشاندانی گەورە لە دژی دەسەڵاتی جوولەكە ئەنجام دەدەن. هەر لەو ڕۆژەدا هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و كۆمەڵگە ئیسلامی و عەرەبییەكان لە سەرانسەری دنیاوە بەشداری دەكەن، بەڵام ڕۆژی جیهانی قودس لە ئێران تایبەتترە بەراورد بە وڵاتانی تری دنیا، بەو پێیەی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی خومەینی ئەو بۆنەیەی پێشنیاز كردووە وەك پشتگیری بۆ خەڵكی فەلەستین.

دوا هەینیی مانگی ڕەمەزان ئەم ڕۆژە ئەنجام دەدرێ و سەرەتایش ئەم ڕۆژە لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیاری كرا و ئێستە جگەلە ئێران، لە بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ساڵانە لە دوا هەینیی مانگی ڕەمەزان خەڵك دەڕژێنە سەر شەقامەكان و دژایەتی خۆیان بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل ڕادەگەیەنن.

ئەوەی دوێنێ هەینی لە بەغدای پایتەختی عێراق ڕووی دا، سەلمێنەری ئەوەیە كە تاران بە هەموو شێوەیەك بەغدای داگیر كردووە و عێراقیش ئێستە هیچ سیمایەكی دەوڵەتی دیموكرات و فرەیی و فیدراڵی پێوە دیار نییە، بە پێچەوانەوە تەواو لە حكوومەت و دەوڵەتێكی شیعی سەر بە ئێران دەچێت.

بەرزكردنەوەی وێنەی ئیمام خومەینی ڕابەڕ و هەڵگیرسێنەری شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی 1979 و وێنەی عەلی خامنەیی ڕابەڕی ئێستەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، نیشانە و بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن كە بەغدا وەلائێكی تەواو و ئینتیمایەكی بەهێزی بۆ ئێران هەیە و تارانیش بەغدای خستووەتە نێو مشتەكانی خۆی و هەرچی بیخوازێ ئەنجامی دەدات.

هەڵگرتنی وێنەی ئەو دوو سەركردەیەی ئێران لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی قودس لە بەغدا ناڕەزایی زۆری هاووڵاتییانی عێراقی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لێ كەوتووەتەوە و هەمووان دووپات لەوە دەكەنەوە، پێویستە عێراق لە ژێر دەستەیی ئێران ڕزگار بكرێ، پێچەوانەی دەستوور و یاساكانی عێراقە وێنەی سەركردەیەكی بیانی بە شكۆ و ڕێزەوە لە نێو بەغدای پایتەختی عێراق بەرز بكرێنەوە و چەكدارانی ستایش و پەسنی بدەن و گەلانی عێراق بە نەوەی ئیمام خومەینی ناو ببەن.

چالاكانی عێراق دەڵێن، دوای سەدام دەستوور و یاساكانی عێراق، باس لە بنیاتی دەوڵەتێكی مەدەنی و فرەیی و دیموكرات و دوور لە دەمارگیری ئاینی دەكەن، ئاماژە بەوەش دەكەن ئەم كردارە سەلمێنەری قسەی ئەو سیاسی و پسپۆرانەیە كە عێراق بە داگیركراو لەلایەن ئێرانەوە ناو دەبەن، ئیتر پێویست ناكات كەس گلەیی لەو كەسانە بكات كە عێراق بە داگیركراو و ژێر دەستەیی ئێران ناو دەبەن.

لە ڕێوڕەسمەكە كە ژمارەیەكی زۆر لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەشداریان كرد و بە نمایشی هێزی حەشدیش لەسەر بەغدا لێك دەدرێتەوە، لە بڵندگۆكانەوە ڕێكخەری ڕێوڕەسمەكە بە دەنگی بەرز هاواری دەكرد، بەڵی نەوەكانی ئیمام خومەینی لە بەغدا دووپات لە داگیركاری و دژایەتی ئیسرائیل دەكەنەوە و پشتیوانی بۆ گەلی فەلەستین دەردەبڕن.

ئەو هەڵمەتەی ئێران و میلیشیاكان لە بەغدا لە كاتێكدایە سێشەمی ڕابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی كرد و لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕابەڕی شۆڕشی ئیسلامی ئێران كۆ بووەوە و بەگوێرەی زانیارییەكانیش كە میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە، خامنەیی هۆشداری توندی بە عەبادی داوە، كە هەر هەوڵێك بۆ لاوازكردنی پێگە و هێزی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەغدا دەخاتە مەترسییەوە و بوومەلەرزە لە پایتەختی عێراق دروست دەكات.

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە 25 گرووپی چەكداری میلیشیایی جیا جیا پێك هاتوون لە 2014 لەوكاتەی داعش نزیك بووەوە لە چوونە نێو شاری بەغدا و گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو پایتەخت، بە فتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دامەزرێنران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، دواتر ئێران دەستی بەسەر ئەو هێزانەدا گرت و سەركردەكانی حەشدی شەعبیش لە چەندان بۆنە و ڕێوڕەسم دووپاتیان لە وەلائی خۆیان بۆ ئێران كردووەتەوە، چەندان ئەفسەر و بەرپرسی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران سەرپەرشتی ئەو هێزانە دەكەن و چەك و پارە و كەلوپەل و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكەن، پێشتر میدیاكان بڵاویان كردەوە، ئێران پیلانی داناوە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هاوشێوەی سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی لێ بكات، بۆ ئەو مەبەستەش چەندان جار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هاتووەتە عێراق و لە ناوچەكانی شەڕ میلیشیاكانی بەسەر كردووەتەوە و یەكێ لە ئەركە گرنگەكانیشی حەشدی شەعبیش ئەوەیە ڕێڕەوێكی تەناهی ئارام تا دەگاتە سووریا بە پانایی خاكی عێراق بۆ ئێران بپارێزی و تا ئێران بتوانێ بگاتە سووریا و لە سووریاش بگات بە لبنان و دەریای ناوەڕاست و هیلالی شیعی تەواو بكات.

















وشە - باز ئه‌حمه‌د