هیچ یانەیەك كڕیاری رۆناڵدۆ نییە

:: AM:10:43:24/06/2017 ‌

سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە هەموو دەنگۆیانەی سەبارەت بە دەستەوارەی یانە گەورەكانی ئەوروپا بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی یانەی ریال مەدرید بڵاو بوونەتەوە دوورن لە راستییەوە و جەختیشی كردەوە كە تا ئێستا هیچ یانەیەك ئامادەیی پێشان نەداوە ئەو هێرشبەرە 32 ساڵییە بكڕێت.

رۆناڵدۆ بەهۆی زۆری كێشەكانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باج و دادگای ئیسپانیا بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو ریزی یانەی ریال مەدرید جێێڵێ و روو لە خولێكی تری ئەوروپا بكات.

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان چەندان یانەی گەورەی ئەوروپا ئامادەییان پێشانداوە گرێبەستی لەگەڵدا بكەن، هەروەها باس لەوەش كراوە كە یانەكانی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ئامادەن 180 ملیۆن یۆرۆش لەپێناویدا خەرج بكەن.

لای خۆیەوە رادیۆی (كادینا كۆپێ) جەختی كردەوە كە هەموو ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و تا ئێستا هیچ یانەیەك تەنانەت پاریس سان جێرمان و مانچستەر یونایتدیش ئامادەنین ئەو بڕە پارە زۆرەیە لە پێناو یاریزانێكی تەمەن 32 ساڵدا خەرج بكەن.

جەختیشی كردەوە كە تا ئێستا هیچ دەستەوارەیەك تەنانەت هیچ ئاماژەی یانەیەكیش نەگەیشتووەتە بارەگای یانەی ریال مەدرید بۆ كڕینی رۆناڵدۆ، واتە ئەو دەنگۆیانەی لەسەر لاپەڕەی رۆژنامەكان دێنە بڵاو كردنەوە زانیاری نادروستن و دوورن لە راستییەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید دەیانەوێ هێشتا نرخی ئەو ئەستێرەیان زیاتر بەرز بكەنەوە و بیگەیەنن بە 200 ملیۆن یۆرۆ كە ئەمەش نرخێكی خەیالییە لە مێژووی تۆپی پێدا.

هەرچەندە رۆناڵدۆ پێشتر جەختی كردبووەوە كە لە بڕیاری جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید پەشیمان نابێتەوە، بەڵام رەنگە ئەو بەرگرییانەی كە لەلایەن فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكەوە لێی كرابوو پەشیمانی بكاتەوە و بڕیاری مانەوە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بدات.

هەرچەندە رۆناڵدۆ ئێستا لە تەمەنی 32 ساڵیدایە، بەڵام لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا باشترین ئاستی لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی ریال مەدرید پێشكەش كردووە و توانیویەتی لە ماوەی 4 ساڵدا 3 خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بباتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م