سێ پێشمەرگەی رۆژهەڵات شەهید بوون و كۆمەڵە روونكردنەوە دەدات

:: AM:10:53:24/06/2017 ‌
سێ پێشمەرگەی رۆژهەڵات شەهید بوون و كۆمەڵە روونكردنەوە دەدات

سێ پێشمەرگەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، لە شاری سنە كەوتنە بۆسەی میلیشیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و دوای شەڕێكی قورس شەهید بوون، رژێمی ئێرانیش باس لە بەدیلگیرانی پێشمەرگەیەكی بریندار دەكات لەو شەڕەدا.

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕان لە راگەیەندراوێكدا ناسنامەی ئەو پێشمەرگانە ئاشكرا دەكات و رای دەگەیەنێت، ئەوان پێشمەرگە و رێكخستنی نهێنی كۆمەڵە بوون لە شاری سنە و ئەندامێكی سەركردایەتیی ئەو حزبەیش دووپاتی دەكاتەوە، ئەوان تا ئێستە دڵنیا نین لەوەی پێشمەرگەیەكیان بە برینداری كەوتبێتە دەست چەكدارانی كۆماری ئیسلامییەوە.

لە راگەیەندراوەكەی كۆمەڵەدا ئاماژە دراوە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 23ی حوزەیران، دەستەیەك  پێشمەرگە و هاوڕێیانی رێكخستنی نهێنی كۆمەڵه لەناو شاری سنه كەوتنه بۆسەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی و سێ كەس لە هاوڕێیانمان بە ناوەكانی سەباح حوسێنپەناهی، حامید سەیفپەناهی و بێهزاد نووری دوای شەڕێكی نابەرابەر و قارەمانانە، گیانی ئازیزیان لەپێناو ئامانجه بەرزەكانی گەلی  كورد و كۆمەڵه بەخت كرد.

زیاتر روون كراوەتەوە، هاوڕێیانی ئێمه بە ورەیەكی بەرز و خۆراگرییەكی كەموێنەوە حەماسەیەكی پرشنگداری تریان بۆ كۆمەڵه و گەلی كورد تۆمار كرد و لەو شەڕە نابەرابەرەدا هێزەكانی كۆماری ئیسلامی چەندان كوژراو و برینداریان بەركەوتووە.

ماڵپەڕەكانی سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەیان بەوە داوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و پێشمەرگەیەكیش بریندار بووە و بە دیل گیراوە، بەرپرسی سیاسیی نیزامی كۆمەڵەیش دەڵێ، تا ئێستە ناتوانین هەواڵی بەدیلگرتنی ئەو پێشمەرگەیە پشتڕاست بكەینەوە.

عەبدوڵا ئازەربار ئەندامی كۆمیتە ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە "وشە"ی راگەیاند، لەبارەی بەدیلگرتنی پێشمەرگەیەك لەو شەڕەدا تا ئێستە سەرچاوەكانی ئێمە پشتڕاستی ئەو هەواڵەیان نەكردووەتەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە پشت بە سەرچاوە تایبەتەكانی خۆمان دەبەستین كە سەر بە رێكخستنی نهێنی كۆمەڵەن لەناوخۆی رۆژهەڵات و تا ئێستە لەلایەن ئەو رێكخستنانەوە وردەكاریی رووداوەكەمان بەدەست نەگەیشتووە.

ئەو پێشمەرگانە سەر بە رێكخستنی نهێنی كۆمەڵەن لەناوخۆی رۆژهەڵات كە بە شانەی نوستووی "چەكداری" كۆمەڵە هەژمار دەكرێن و لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان، كەوتوونەتە بۆسەی رژێمەوە و دوای شەڕێكی قارەمانانە گیانیان بەخت كردووە.







وشە - هیدایه‌ت جان