یانەیەكی بەڕازیلی داوای یاسایی لەسەر بەرشەلۆنە تۆمار دەكات

:: AM:11:24:24/06/2017 ‌

یانەی سانتۆسی بەڕازیلی داوای یاسایی لە یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی لە دژی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی تۆمار كردووە و تۆمەتباری كردوون بە هەوڵدان بۆ راكێشانی سەرنجی یاریزانەكانیان.

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان یانەی بەرشەلۆنە لە ئێستادا بەتەواوی لەگەڵ دروستكەری یاریی یانەی سانتۆس لوكاس لیما رێككەوتووە و سەرەتای ساڵی داهاتوو بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر پەیوەندییان پێوە دەكات.

گرێبەستەكەی لیمای تەمەن 26 ساڵ لەگەڵ یانەی سانتۆس بەفەرمی لە مانگی كۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت، دواتریش یانەی بەرشەلۆنە بەفەرمی و بەشێوەی ئازاد لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا دەیهێنێتە ریزی یانەكەیەوە.

زانیارییە رۆژنامەوانییەكان ئاشكراشیان كردووە كە رێككەوتنەكەی لیما لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بۆ ماوەی 4 ساڵە و لە رۆژی یەكەمی ساڵێ نوێ بەفەرمی رادەگەیەنرێ.

گرێبەستكردنی یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵ لیما لەسەر راسپاردەی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بووە كە لە هەمان كاتیشدا باوكی بەڕێوەبەری كارەكانی لیماشە.

ئەم هەوڵانەی یانەی بەرشەلۆنە بەرپرسانی یانەی سانتۆسیان توڕە كردووە و بەو هۆیەشەوە داوای یاساییان لە یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) لە دژی ئەو یانەیە تۆمار كردووە.

یانەی سانتۆس لە داواكەدا جەختیان كردووەتەوە كە یانەی بەرشەلۆنە پێشێلی یاسایان كردووە و بێ ئەوەی هیچ پرسێكیان پێ بكات هەوڵی رێككەوتنیان لەگەڵ یاریزانێكی یانەكەیان داوە لە كاتێكدا گرێبەستەكەیان لەگەڵ ئەو یاریزانە ماوەی 6 مانگی ماوە.

یانەكە هەروەها داواشی لە فیفا كردووە هەڵوێست بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە وەربگرێ و سزایەكی قورسیشی بەسەردا بسەپێنێ و بێبەشیان بكات لە گرێبەستی یاریزانان لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا.

جێی باسە لیما لە ساڵی 2014وە یاری بۆ یانەی سانتۆس دەكات و تا ئێستاش بەشداریی لە 14 یاریی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژادرەی بەڕازیلی كردووە و تێیدا 2 گۆڵیشی تۆمار كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م