گوندێك لە هیندستان بە ناوی ترەمپەوە دەكرێ

:: AM:11:44:24/06/2017 ‌

گرووپێكی خێرخوازی بۆ دانانی توالێت لە سەرتاسەری دنیا و ڕێگری لە گواستنەوەی نەخۆشییە گوێزراوەكان، بۆ ناوداركردنی گوندێك، ناوی گوندەكانی بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ گۆڕی، تا لە هەڵمەتی بانگەشەكان بۆ كۆكردنەوەی پارە و كۆمەكی دارایی بە ئامانجی ڕزگاركردنی خەڵكی لە بێ توالێتی و ڕێگری لە نەخۆشییە گوێزراوەكان كۆمەكی زیاتر كۆ بكەنەوە.

ئەو گرووپە ناوی "سولابە ئینتەرناشیۆنال"ە و تا ئێستە ملیۆنێك و 500 هەزار توالێتی لە ناوچە جیاجیاكانی دنیا بە گشتی و هیندستان بە تایبەتی دروست كردووە، بەم دواییەش بۆ ئەوەی كۆمەكی زیاتر بكرێن و هەڵمەتەكەیان فرەوانتر بێ، ناوی گوندێكی هیندستانیان بۆ "گوندی ترەمپ" گۆڕی كە دەكەوێتە ویلایەتی هاریانای باكوری هیندستان.

 لە دەروازەی گوندەكە وێنەیەكی ترەمپ كە پێدەكەنێت دانراوە و لەسەر وێنەكە بە هیندی و ئینگلیزی نووسراوە، "بەخێرین بۆ گوندی ترەمپ". پێشتر ئەو گوندە ناوی "مارۆرا" بووە و ئەو گرووپە خێرخوازییە دەڵێن، هیچ پێویستمان بە ڕەزامەندی كۆشكی سپی و ئیمپراتۆریەتە بازرگانییەكەی خانەوادەی ترەمپ نەبوو و نابێ بۆ گۆڕینی ناوی گوندەكە.

بیندشوار باساك یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەو گرووپە خێرخوازییە دەڵێ، هیوادارین ئەو كارەمان ببێتە هۆی ناوبانگی زیاتر بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكەمان و كۆمەكی زیاترمان بۆ دەستەبەر بكات، تا هیچ كەس بێ توالێت نەبێ و پاشماوەكانی نەخاتە سروشتەوە.

هەروەها گوتی، ئەم كارە دەبێتە هۆی ناوبانگ پەیداكردنی گوندەكە و بووژانەوە و ڕووتێكردنی كۆمپانیا و سەرمایەداران. خەڵكی گوندەكەیش هەموویان دووپات لەوە دەكەنەوە كە ڕەزامەندن ناوی گوندەكەیان بۆ ترەمپ گۆڕاوە. گۆڕینی ناوی گوندێكی هیندستان بۆ ترەمپ لە كاتێكدایە بڕیارە ئەم هەفتەیە ناریندرا مۆدی سەرۆك وەزیرانی هیندستان بەرەو ئەمەریكا بەڕێ بكەوێ و یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ساز بكات.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، سێیەكی دانیشتووانی هیندستان توالێتیان نییە و نیوەی خەڵكی دنیایش پاشماوەكانیان لە سروشت فڕێ دەدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی تەشەنەكردن و گواستنەوەی نەخۆشییەكانی "كولێرە و سكچوون و دۆسنتاریا و هەوكردنی جگەر".

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د