تەندروستیی هەولێر هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات

:: AM:11:53:24/06/2017 ‌


تەندروستیی هەولێر هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات لەكاتی سەردانكردنی نەخۆشخانەكان و بەكارهێنانی ژمارەی فریاكەوتنی خێرا 122 كە زۆر فشاری دەخرێتە سەر، هەروەها دابەشبوونی نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنی هەولێر بۆ وەرگرتنی ڕووداوەكان دیاری دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 24ی حوزەیران، فاخیر كرمانجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەكارهێنانی زۆری شیرینی و چوكلێت، هۆكاری زۆری سەردانكردنی هاووڵاتییانە بۆ ناوەندەكانی تەندروستی، بۆیە داواكارین دایكان و باوكان چاودێری منداڵەكانیان بكەن لە ڕۆژانی جەژن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی هەولێر دەڵێت، هاووڵاتییان هاوكارمان بن لە سەردانكردنی نەخۆشخانەكان، چونكە ئێمە كێشەیەكمان هەیە كە هاووڵاتییان هێشتە نازانن نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنەكان چۆن دابەش بوونە و چ جۆرە نەخۆشێك وەردەگرن.

كرمانجی زیاتر گوتی، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا ڕووداوە گەرما و گەرمەكان وەردەگرێت وەك سووتان و شكان، هەروەها نەخۆشخانەی ئیمرجنسی نەخۆشی برینداربوون بەچەك وەردەگرێت و نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵاتیش بەگوێرەی پسپۆڕییەكان نەخۆش وەردەگرێت كە ڕووداوەكانە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی هەولێر ئاشكرای كرد، هاووڵاتییان پێویستە هاوكاریان بن لە سەردانكردن، هەروەها بۆ گەشتیارانیش بنكەی تەندروستییان خستووەتە ئامادەباشی بەتایبەت لە شەقڵاوە و سۆران كە پێشبینی دەكرێت گەشتیارێكی زۆر سەردانی بكەن.



وشە - رامیار جەواد