بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی ئاكرێ، 35 ئامێری تایبەت بە هاڕینی برنجی بەسەر جووتیارانی دەڤەرەكەدا دابەش كرد و رای دەگەیەنێت، ئاكرێ زۆرترین رووبەری بە برنج داچێندراوی هەیە.
ئەندازیار ئەحمەد جەمیل ئەبو زێد بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ بە "وشە"ی راگەیاند، "بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردنی جووتیاران، ٣٥ ئامێری هاڕینی برنج بەسەر ئەو جووتیارانەی دەڤەرەكە دابەش كرا كە زۆرترین بڕی برنجیان چاندووە، ئەوە لەكاتێكدا كە تەنیا یەك كارگەی سپیكردنی برنج و خستنە ناو گونیە لە ئاكرێ هەیە و ناتوانێت هەموو برنجی سنوورەكە بهاڕێت".
زیاتر دەڵێ، "پاش دابەشكردنی ئەو ئامێرانەی هاڕینی برنج بەسەر جووتیارانی ئاكرێ كە زۆرترین بڕی برنج بەرهەم دێنن، جووتیارانی ناوچەكانی تریش دەتوانن برنجەكەیان لە ئاكرێ پاك بكەنەوە".
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ روونی كردەوە كە ئەمساڵ چوار هەزار دۆنم زەوی ئاكرێ لەلایەن جووتیارانی دەڤەرەكەوە كراوەتە برنج و جووتیارانی ئاكرێ دەیانەوێ پارێزگاری لە ناسنامەی باشترینی برنجی كوردی بكەن، بەڵام تەنگژەی دارایی و هاوكاری نەكردنی تەواوەتی جووتیاران رێگرە لەوەی بتوانرێت بڕی زیاتری برنج بەرهەم بهێنرێت.
بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی ئاكرێ ئەمساڵ لە سنووری شارۆكەی ئاكرێ نزیكەی پێنج ھەزار تۆن برنج بەرھەم دەھێنرێت.
ئاكرێ/نەوزاد ھلوری