"پاسدارانی ئێران پیلان بۆ داگیركردنی كەركووك دادەڕێژن"

:: PM:01:12:24/06/2017 ‌

سەرەڕای ئەوەی هێزەكانی عێراق لە شەڕی ڕزگاری مووسڵ نزیك بوونەتەوە لە ڕیشەكێشكردنی تیرۆریستان لە ڕووی سەربازییەوە لە عێراق، بەڵام پارێزگای كەركووك و حەوزی حەمرین و شارۆكەی خورماتوو، لە ماوەی ڕابردوودا جموجۆڵی چڕی تیرۆریستانی داعشی لێ دروست بووە، ئەمەش لە كاتێكدایە میلیشیاكان و هێزەكانی سوپای پاسداران لەو ناوچەیەن و تیرۆریستان هێرشیان ناكەنە سەر، بەڵام هێرش دەكەنە سەر پێشمەرگە.

سەرچاوە تەناهییەكانی كورد بە ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت"ی لەندەنیان ڕاگەیاند، ڕژێمی ئێران دەیەوێ كەركووك بكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی داعش، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئەنجامدانی هەڵمەتی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كە بڕیارە ڕۆژی 25 ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی یەكەی كارگێڕیی هەرێمی كوردستانیش ئەنجام بدرێت.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن، دوای گرتنی كەركووك لەلایەن داعشەوە، ئێران حەشدی شەعبی دەنێرێتە كەركووك و داگیری دەكات بە بیانووی ڕزگاركردنەوەی لە دەستی داعش، ئیرەج مەسجیدی كە پێشتر فەرماندەیەكی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بووە و ئێستە باڵوێزی ئێرانە لە عێراق سەرپەرشتی جێبەجێكردنی ئەو پیلانە دەكات.

حوسێن یەزدانپەنا فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی ئازادی كوردستان كە هاوشانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دژی داعش لە سەنگەری ڕۆژئاوای كەركووك دەجەنگێ، بۆ "شەرقلئەوسەت" ئاماژەی داوە، ڕژێمی ئێران لە ڕێی پاسداران و باڵوێزەكەیان لە عێراق بە وردی دەیانەوێ ئەو پیلانە جێبەجێ بكرێت، پیلانەكەش بریتییە لە هێرشێكی فرەوانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كەركووك یان ناوچەیەكی ستراتیجی كەركووك بە جۆرێك بیانوو بە حەشدی شەعبی بدات بەرەو كەركووك هێزی زۆر بنێرن، بە ئامانجی ڕزگاركردن و پاراستنی لە تیرۆریستان، هۆكاری سەرەكی ئەو پیلانەی تارانیش ڕێگرییە لە سەربەخۆیی كوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو ناوچانە.

ئەو دووپات لەوە دەكاتەوە، كە لە ماوەی ڕابردوو تیرۆریستان لە پارێزگای كەركووك و لە حەویجە و خورماتوو و حەوزی حەمرین هێزی زۆریان كۆ كردووەتەوە و دەیانەوێ هێرشێكی فرەوان ئەنجام بدەن، لە ماوەی ڕابردووش چەند جارێك لە خورماتوو و ئەو ناوچانە هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كوردستان.

ئێستە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە باشووری پارێزگاری كەركووك و دەوروبەری شارۆكەی خورماتوو حەوت بنكەی سەربازی سەر بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران پێك هێناوە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی ئەو بنكە سەربازییانە دروست كران، لە نێویاند سەدان سەرباز و ئەفسەری ئێرانی هەن كە سەرپەرشتی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە دەكەن، چەكی قورس و مووشەكی جۆراوجۆر لەو بنكە سەربازییانە بوونیان هەیە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو ڕۆژنامەیە، لە ماوەی ڕابردوودا هێزی یەكجار زۆر لە چەكدارانی حەشدی شەعبی و سەربازی سوپای پاسداران هێنراونەتە نێو ئەو حەوت بنكە سەربازییە.

یەزدانپەنا ڕوونی كردووەتەوە، ئیرەج مەسجیدی و محەمەد ڕەزا شەهلایی ئەندامی فەرماندەیی فەیلەقی قودس سەرپەرشتی ئەو بنكە سەربازییانە دەكەن، جگەلەوە ئێران لە ڕێی میلیشیاكان ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی بۆ نێو حەویجە گەڕاندووەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە حەویجە لە هەموو لایەكەوە گەمارۆ دراوە، ئەگەر پشتیوانی و دەستی ئێران نەبێ، چۆن تیرۆریستان لە ناوچەكانی ترەوە دەگەن بە حەویجە.

بەگوێرەی ئامارەكان ژمارەی چەكدارانی داعش لە نێو شارۆكەی حەویجەی 55 كیلۆمەتر باشووری ڕۆژئاوای كەركووك، چەند مانگێك پێش ئێستە هەزار چەكدار بووە، بەڵام ئێستە بۆ سێ هەزار چەكدار ژمارەیان بەرز بووەتەوە، زۆرینەیان عەرەبی دەرەوەی عێراق و بیانین، لە حەوزی حەمرینیش ژمارەیان بۆ زیاتر لە 500 چەكدار بەرز بووەتەوە.

سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی لە شارۆكەی خورماتوو ئاشكرای كرد، ژمارەیەك بارهەڵگری پڕ لە چەك و جبەخانە لە شەوانی ڕابردوو گەیشتوونەتە شارۆكەی خورماتوو و ڕاستەوخۆ بەرەو بنكە سەربازییەكانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران نێردراون، بەگوێرەی پسوولەی رەزامەندیش كە لە مەرزەكانەوە بە شوفێری بارهەڵگرەكان دەدرێ، ئەو بارهەڵگرانە لە مەزری میهرانەوە هاتوونەتە نێو خاكی عێراق كە دەكەوێتە نێوان پارێزگای واستی عێراق و ئیلامی ئێران.

یەزدانپەنا لەوبارەوە دەڵێ، ئەو بارهەڵگرانە چەك و فیشەك و كەلوپەلی پێویست دەبەنە شارۆكەی حەویجە و دەیگەیەنن بە تیرۆریستانی داعش، بۆ ئەوەی پیلانی هێرشكردنە سەر كەركووكی پێ جێبەجێ بكەن. دووپاتی كردەوە كە تیرۆریستانی داعش پێش 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ هێرش بۆ سەر كەركووك ئەنجام دەدەن، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و بەهەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش دەبنەوە.

شاری كەركووك لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 17 جار هێرشی فرەوانی لەلایەن داعشەوە كراوەتە سەر، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام پاراستوویانە و ڕێگەیان نەداوە تیرۆریستان بمێننەوە و بەردەوام دەریانپەڕاندوونەتەوە لە كەركووك.

عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكە و شارەدێكانی كەركووك بە "شەرقلئەوسەت"ی گوت،  جموجۆڵی تیرۆریستان لەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدایە زۆر بووە، ژمارەی چەكدارەكانیشیان لەو ناوچانە زیاتر بووە، بەگوێرەی زانیارییەكانیشمان بەشێك لەو تیرۆریستانە لە مووسڵەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ حەویجە و ژمارەیان بۆ هەزاران بەرز بووەتەوە.

هەروەها دەڵێ، 30%ی خاكی پارێزگای كەركووك لە دەست تیرۆریستانی داعشە كە خۆی لە شارۆكەی حەویجە و چوار شارەدێ و 500 گوند دەبینێتەوە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د