ئێران قەرز بە بازرگانانی هەرێمی كوردستان دەدا

:: PM:02:11:29/10/2016 ‌

بۆ بووژانەوەی كەرتی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان و سنووری ئیدارەی گەرمیان، حكوومەتی ئێران بڕیاری داوە قەرز بە بازرگانانی هەرێمی كوردستان و گەرمیان بدات.

یوونس ئەحمەد جاف، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، پاش گفتوگۆیەكی ورد بۆ چارەسەری ئاستەنگەكانی كێشەكانی مەرزی پەروێزخان و برەودان بە كەرتی بازرگانی لە نێوان ئیدارەی گەرمیان و ئێران، شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی كارگێڕیی گەرمیانیان كرد و هەندێك بەڵێنی خۆشیان بە بازرگانانی سنوورەكە دا.

ئەو گوتی،  سەركونسوڵگەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری گەرمیان و سلێمانی بەڵێنی داوە گەشە بە كەرتی بازرگانی بدرێت لە نێوان هەردوولادا و بۆ ئەوەش حكوومەتی ئێران بودجەیەكی بە گوژمەی پێنج ملیار دۆلار بەشێوازی قەرز بۆ بازرگانەكانی هەرێمی كوردستان دابین كردووە. بازرگانانی گەرمیانیش دەتوانن سوودمەند بن لەو قەرزە.

لەبارەی مەبەستی قەرزەكە، جاف ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، مەبەست لێی كڕینی شمەكە وەك خۆراك و كەرەستە و كەلوپەلی پێویست چ لە ئێران بكڕدرێت و هاوردەی كوردستان بكرێ، چ لە هەرێمی كوردستان بكڕدرێت و هەناردەی ئێران بكرێت.

 مەولوود محەمەد یەكێك لە بازرگانی گەرمیان بۆ "وشە" گوتی، ئێمە ماوەی چەند رۆژێكە بەو رێككەوتنە خۆشحاڵ بووین و چاوەڕێین لایەنی ئێران پەلە بكات بۆ پێدانی ئەو قەرزە، بەڵام بەپێویستی دەزانین ئیدارەی گەرمیان  پرسی  گومرككردنی ئەو شمەكانەش چارەسەر بكات كە هاوردە دەكرێن و گومركیان لێ دەستێنرێت و دوای هەناردەكردنیان بۆ ناوچەكانی تری عێراق دووبارە گومركیان لێ دەستێنرێت و ئەوەش زیانێكی گەورە بە بازرگانان دەگەیەنێت.

 گەرمیان هاوسنووری كۆماری ئیسلامیی ئێرانە و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەكەوێتە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان لە سنووری گەرمیان، بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی زۆرترین كاری بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان لەرێگەی ئەو مەرزەوەیە.

گەرمیان – سەبری هۆرینی




وشە - سلێمان تاشان