ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ سووتێنرا

:: PM:01:21:24/06/2017 ‌

شەوی ڕابردوو ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ دوای بردنی لە عەربەت، بە سووتێنراوی دەدۆزرێتەوە. ئەم بەڕێوەبەرەش دەڵێت، كێشەم لەگەڵ كەس نییە و سكاڵام تۆمار كردووە.

ئەمڕۆ شەموو 24ی حوزەیران، دانا دارا بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ بە میدیاكانی ڕاگەیاند، شەوی‌ ڕابردوو لەلایەن كەسانێكی‌ نەناسراوەوە لە بەردەم ماڵەكەم لە شاری‌ سلێمانی،‌ ئۆتۆمبێلەكەم ڕفێنراوە و لەسەر ڕێی‌ گوندی‌ دزوكانیان لە پشت شادەێی‌ عەربەتەوە ئاگریان تێبەر داوە و سووتاندوویانە.

بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ دەڵێت، ئۆتۆمبێلەكەم لەجۆری‌ مازدا مۆدێل 1991و لە ئێستەشدا لە بنكەی‌ پۆلیسی‌ شارەدێی‌ عەربەت سكاڵام تۆمار كردووە، هەرچەندە گومانم لە كەس نییە و كێشەم لەگەڵ كەسیشدا نییە، جگەلەوەی‌ ڕۆژانە ئەركی‌ خۆم بەجێ هێناوە.

ڕۆژی سێشەمی ڕابردوو  20ی حوزەیران، مەهدی‌ مەحموود سكرتێری‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا دوو تەوەر بۆ گفتوگۆكردن ئامادە كراون، یەكێكیان چۆنیەتیی‌ هاتنە ناوەوەی‌ تانكەرە بەنزینە ژەهراوییەكانە و هەوڵ دەدەن بڕیارێك دەربكەن كە لەمەودوا بەپێی‌ ستانداری‌ جیهانی‌ و بە مەرج سووتەمەنی‌ بێتە ناو پارێزگاكە.

سكرتێری ئەنجوومەن دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاریان داوە كەیسی‌ تانكەرە بەنزینە ژەهراوییەكان بدرێتە داواكاری‌ گشتی‌ و لیژنەیەكی‌ یاساییش چاودێری‌ ئەو كەیسە بكات، ئاماژەی‌ بەوەش كرد كە لەمەودوا كۆمپانیاكان بەنزینی‌ كوالێتی‌ بەرز بهێنن، بەڵام ئەگەر بەنزینی‌ كوالێتی‌ خراپیان هێنا بەپێی‌ یاسا بخرێنە لیستی‌ رەشەوە و غەرامە بكرێن.

لە كۆبوونەوەكە نوێری گۆڕان داوای سزادان و گرتنی خاوەن بازرگانەكانی كرد كە لە پشتی هێنانی ئەم بەنزینە بوون نوێنەری یەكێتیش ڕەتی كردەوە.

ڕۆشی سێشەمەش مەرزی باشماخ لە هەواڵێكی گەڕانەوەی ئەو تانكەرە بەنزینانە بۆ ئێران ڕاگەیاند و وێنەی ناردنەوەیانی بۆ خاكی ئێران بڵاو كردەوە، بێئەوەی ئاماژە بە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بكات كە بڕیاری گرتنی بۆ دەرچووە.



وشە - رامیار جەواد