ناعەدالەتییەكانی ئیدارەی گەرمیان دژ بە كفری بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

:: PM:02:02:24/06/2017 ‌

لە شارۆكەی كفری دوای دەست لەكاركێشانەوەی قایمقام و هەڕەشەی دەست لە كاركێشانەوەی سەرجەم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی كفری، ئێستەش كەمپەینێك لەو شارۆكەیە پێك هێنراوە و هەڕەشە لە یەكەی كارگێڕیی گەرمیان دەكەن، لە بەرامبەر سەرپەرشتیاری یەكەی كارگێڕی گەرمیان بۆ پشوو و بەسەربردنی كاتێكی خۆش لە دەرەوەی وڵاتە و بەدەنگ ناڕەزایییەكانی خەڵكی كفرییەوە نایەت.

شوان جەلال یەكێك لە سەرپەرشتیارانی كەمپەینی داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵكی كفری بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی هەفتەیەكە كەمپەینەكەمان ڕاگەیاندووە و ئامانجمانە داكۆكی لە مافی خەڵكی شارۆكەی كفری بكەین، كار دەكەین بۆ ئەوەی بە یەكسانی كار و خزمەتگوزاری پێشكەش بە شارۆكەی كەلار و كفری بكرێ، نەك كفری بە تەنیا پەراوێز بخرێت.

هەروەها گوتی، لە كۆی 34 ملیار دینار كە ئەمساڵ حكوومەت بۆ یەكەی كارگێڕیی گەرمیانی ناردووە، تەنیا یەك ملیار دینار بۆ كفری ڕەوانە كراوە، بۆیە ئێمەش خەریكین بە داتا و زانیاریی وردەوە نادادییەكان بەرامبەر بە خەڵكی كفری دەخەینە ڕوو كە لەلایەن یەكەی كارگێڕیی گەرمیانەوە ئەنجام دراوە.

حەیدەر ئەحمەد ڕۆژنامەنووس لە شارۆكەی كفری بۆ "وشە" گوتی، بەرپرسانی گەرمیان جیاكانی لە نێوان كەلار و كفری دەكەن، ئەمە بە ڕوونی دیارە و هیچ كەس ناتوانێ نكۆڵی لێ بكات.

شارەوانی كفری ئامارێكی پڕۆژە جێبەجێ نەكراوەكان و وەستاوەكانی ڕاگەیاندووە كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و تیێدا دەركەوتووە، 30 پڕۆژە لە شارۆكەی كفری ماوەی زیاتر لە ساڵێكە وەستاون و پێویستیان بە 35 ملیار دیناری عێراقی هەیە.

یونس ئەحمەد جێگری سەرپەرشتیاری یەكەی كارگێڕی گەرمیان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو 34 ملیار دینارەی ئەمساڵ لەلایەن حكوومەتەوە نێردراوە، بۆ كەلار و بە بۆنەی یادی بە شارۆكەبوونی كەلار لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە نێردراوە.

لەبارەی چوونی سەرپەرشتیاری یەكەی كارگێڕیی گەرمیان بۆ دەرەوەی وڵات لەم كاتەدا، یوونس ئەحمەد ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك لەوبارەوە بكات.

هەفتەیەك پێش ئێستە جەلال نووری قایمقامی شارۆكەی كفری دەستی لە كارەكەی كێشایەوە و هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە جیاكاری لەلایەن سەرپەرشتیاری گەرمیانەوە لە نێوان كەلار و كفری دەكرێ، دواتر ژمارەیەكی زۆر لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارۆكەی كفری لە پەیامێكدا واژوویان لەسەر كرد و هەڕەشەی دەست لە كاركێشانەوەیان كرد.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د