توركیا سبەی وه‌ك یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاریی كرد

:: PM:03:16:24/06/2017 ‌

ئەمڕۆ شەموو سەرۆك وەزیرانی توركیا پەیامێكی پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی بڵاو كردەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات كە بەرپرسانی ئەوقافی توركیا سبەی یەكشەم 25 حوزەیران/یۆنیۆیان وەك یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاری كرد.

بیناڵی یڵدرم لە پەیامەكەیدا دووپاتی كردەوە، توركیا تەواوی بەرپرسیاریەتییەكان لەسەر شانیەتی هەڵدەگرێ، لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەكە و دنیا. دووپاتی لەوەش كردەوە كە توركیا بەخشندەترین وڵاتە لەسەر ئاستی دنیا بۆ كۆمەكی مرۆیی لە كارەسات و خەڵكی هەژار و لێقەوماو.

لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا گوتی، توركیا بە هەموو هێزی خۆی لە پشت ستەملێكراوان و دژی تاوانباران دەوەستێتەوە، جەژن بۆنەیەكی تایبەتە و تێیدا ناكۆكییەكان دەبێ وەلا بنرێن و خۆشەویستی و بەخشندەیی بڵاو بكرێنەوە.

هاوكات داوای لە گەلی توركیا كرد، بەردەوام بن لە باوەشكردنەوە بۆ لێقەوماوانی سووریا و عێراق و ئەفغانستان دوور بكەونەوە لە جیاكاری ڕەگەزی و بە بەخشندەیی و سۆزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكەن.

جێی باسە پێشتریش فەلەكناسان دووپاتیان لەوە كردەوە كە ڕۆژی یەكشەمی ئەو هەفتەیە واتە سبەی، یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە و سەرەتای مانگی شەوال دەردەكەوێ، زۆرێك لە وڵاتانی ئیسلامی دەستە و فەرمانگە ئاینییەكانیان ئێوارەی ئەمڕۆ چاودێری ئاسمان دەكەن بۆ بینینی مانگ و یەكلاكردنەوەی ئەوەی كە سبەی جەژنە یاخود تەواوی مانگی ڕەمەزانە.

سەرچاوە/تورك پرێس.



وشە - باز ئه‌حمه‌د