هێزێكی تایبەتی ئەمەریكا گەیشتنە عێراق

:: PM:04:01:24/06/2017 ‌

سەرچاوەیەكی سەربازی عێراقی ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ شەموو هێزێكی تایبەتی ئەمەریكا گەیشتنە بیابانەكانی باشووری شارۆكەی "ڕوتبە" و ئەركیان ڕێگریكردن دەبێ لە گەیشتنی كۆمەك و یارمەتی بە تیرۆریستانی داعش.

ئەو سەرچاوە سەربازییە ڕوونی كردەوە، هێزە تایبەتەكەی ئەمەریكا ئێستە گەیشتوونەتە بیابانی باشووری ڕوتبەی ڕۆژئاوای ئەنبار و لە ئاسمانەوە لەو ناوچەیە دابەزیون، ئامانجیان ڕێگریكردن دەبێ لە گەیشتنی چەك و هاوكاری بە تیرۆریستانی داعش.

ئاماژەی دا، ئەو سەربازە تایبەتانە لە دۆڵی قەزەفی باشووری ڕوتبەی 310 كیلۆمەتر ڕۆژئاوای شاری ڕومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار دابەزیون، هێزەكانی حەشدی شەعائیری لەو ناوچەیەن و ئەمەریكا پشتیوانیان دەكات، تا بە تەواوی ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و ڕێگە بگرن لە هاتوچۆی تیرۆریستان و گەیشتنی هاوكاری و چەك لە نێو عێراقەوە بۆ تیرۆریستان.

شارۆكەی ڕوتبە لەسەر ڕێی سەرەكیی گەیشتنی بەغدایە بە سنوورەكانی سووریا و ئوردن، بە شوێنێكی ستراتیجی دادەنرێ، پێشبینی دەكرێ ئەو هەنگاوانەی ئەمەریكا بۆ ڕێگریی زیاتر بێ لە  میلیشیاكانی سەر بە ئێران، كە ماوەیەك پێش ئێستە لە ڕۆژئاوای مووسڵەوە گەیشتنە سنووری سووریا و میدیاكان باس لەوە دەكەن بۆ دروستكردنی هیلالی شیعی و پاراستنی ڕێڕەوێكی ئارام بۆ ئێران كار دەكەن و ناوچەی زیاتری سنوورەكانی ڕۆژئاوای عێراق داگیر بكەن.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د