مەلا كرێكار: سۆران عومەر سیخوڕی ئێرانە و بڕوای پێ مەكەن

:: PM:04:43:24/06/2017 ‌

لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا مەلا كرێكار سەركردەی پێشووی ئەنسارئیسلام، پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی بە سیخوڕ و بەكرێگیراوی ئێران و لاهوور شێخ جەنگی تۆمەتبار دەكات.

مەلا كرێكار لە گرتە ڤیدیۆكە دەڵێ، سۆران عومەری پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی، هات جاسووسی كرد پێش ئەوەی بێ بۆ ماڵی ئێمە،  سیخوڕی لەسەر ئەبو موسعەبی زەرقاوی و ئەبو محەمەدی مەقدیسی كرد، بە قسەی لاهووری شێخ جەنگی و بە مەسرووفی ئەوان، ڕۆیشت بۆ ئوردن و چوو بۆ پرسەی ئەبو موسعەبی زەرقاوی و چوو بۆ ماڵی ئەبو محەمەدی مەقدیسی و گوتی محەمەدی كوڕتان من لە پێنجوێنەوە وەرم گرتووە و بردوومە بۆ بیارە.

هەروەها دەڵێ، وێنەیەكی لەگەڵ من هەبوو كە دیاری بە پێشمەرگەكان دەبەخشین لە گوڵپ، وێنەكەی بە ماڵی محەمەدی مقدیسی پێشان دا و گوتبووی كە ئەو زۆر نزیكە لە مەلا كرێكار، ئەوانەی كرد بۆ ئەوەی وردە وردە بچێتە ماڵەكانیان و سیخوڕییان بەسەرەوە بكات، ئەوە جاسووسی ئەمەریكا و ئێران و پیاوی لاهووری شێخ جەنگییە، هیچ بڕوای پێ نەكەن، كاتێك باسی هەڵبژاردن و باسی گەندەڵی حكوومەت و باسی ئەو قسە بێمانایانەی لەسەر زۆنی زەرد دەیكات.

لە بەشێكی تری قسەكانی كرێكار دەڵێ، دواتر هاتە ماڵی من و زۆر وێنەی گرت، ئەو شوێنەی ئەو وێنەكانی ماڵی منی لێ گرتبوو، هەواڵگری ئەمەریكی هاتن شەش سەعات لەو شوێنە مانەوە بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش كامێرایان بەرامبەر ماڵی من دانا و چاودێری ماڵەكەمیان دەكرد، پاشان بەناوی ڕۆژنامەنووسەوە 14 كەس هاتن یەكێك لەوانە هەر ئەوەبوو كە لەو ئۆتۆمبێلە وێنەی ماڵی منیان دەگرت و یەكێكی تریشیان بەرپرسی كۆماندۆ بوو لە بەعقووبە، بۆیە ئەوەیە سۆران عومەر سامری ناو كوردە و هیچ كات متمانەی پێ نەكەن. هیچ شتێكم بەرامبەری نییە و ئەویش هیچ شتێكی بەرامبەرم نییە، وەك كوڕی خۆیشم چووم بۆ داوای ئافرەت بۆی.

ئاماژەی داوە، بڕواتان بەوە نەبێ قسە لەسەر پەرلەمان دەكات، لەوێش كراوە بە لیژنەی مافی مرۆڤ، ترحێو لەم مافی مرۆڤە كە سۆران عومەر مافەكانیان بۆ وەردەگرێتەوە، لە هەمان كاتیشدا بە گرتنیان دەدات، ئەو گەنجەی پۆلیس بوو لە كەلار گیرا، سۆران عومەر ڕۆیشت بە دوای هاوڕێكانی بۆ ئەوەی بزانێ هاوڕێكانی كێن و هاوسۆزن بۆ ئەو، سۆران عومەر دڵیشی نەخۆشە ە بردیان بۆ مەریوان بۆ چارەسەر و نەشتەرگەری، ئینجا لەوێوە بوو بە پیاوی ئێران.







وشە - باز ئه‌حمه‌د