لەلایەن خۆشەویستەكەیەوە پارەی پێ پەیدا دەكرێت

:: PM:06:10:24/06/2017 ‌

كچێكی كورد كە لەیەكێك لە شارەكانی باشووری كوردستاندا دەژی، ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا كاری لەشفرۆشی دەكات و بەیەكەوە كار دەكەن، وەك خۆی دەڵێت پارە بۆ خۆشەویستەكەی پەیدا دەكات، خۆشەویستەكەی پلان دادەنێت و ئەویش جێبەجێی دەكات، پلانەكانیش بۆ پیاوی سەرمایەدار و خاوەن پلە و پۆستن.

ناوی بە "ژیلا" هێنا، بەڵام دەڵێت هەر جۆرە پلانەو ناوێكی تایبەتی دەبێت، ژیلا كە تەمەنی نەگەیشتووەتە ٣٠ ساڵ، زۆر بە زیرەكانە كارەكەی لەگەڵ حەیدەردا دەكات، تا ئێستەش ماڵی ژیلا بە كارەكانی كچەكەیان نەزانیوە، ژیلا ئەوە بۆ زیرەكی حەیدەر دەگێرێتەوە و دەڵێت ئەگەر ئاشكرا بین پێكەوە ڕادەكەین.

ژیلا كە بەزۆر ناچاری ئەم كارە كراوە ئاوا باسی چیرۆكی گەیشتنی بەم ڕێگەیە بۆ "وشە" دەكات، كاتێك قوتابی زانكۆ بووم، حەیدەرم ناسی ئەو تەكسی پێ بوو و هاتوچۆی بە من و دوو هاورێی ترم دەكرد، حەیدەر كوڕێكی زۆر جوان و سەرنج ڕاكێشە، بۆیە هەر زوو شەیدای بووم، دوای نزیكی دوو ساڵ لە پێوەندی توشی ڕووداوێك بووم لەگەڵیدا كە ئیتر بوومە كۆیلەی ئەو تاوەكو ئێستەش چۆن بیەوێ ئاوا كار دەكەین.

ڕۆژێكیان كە سەفرەی زانكۆیە و ژیلا مۆڵەتی لە ماڵەوە وەرگرتووە كە بچێت بۆ سەفرە، بەڵام ناچێت و لەگەڵ حەیدەردا ئەو ڕۆژە تا درەنگانی شەو بەسەر دەبات، حەیدەر پێی دەڵێت ماڵەوەیان سەفەریان كردووە، بۆیە دەیباتەوە ماڵی خۆیان، دوای ئەوەی چەند سعاتێكی زۆر دەمێننەوە دوا جار حەیدەر ژیلا دەكات بەژن، بەڵام هەر لەوێ بەڵێنی ئەوەی پێ دەدات كە بچێتە داوای بیهێنێت، بەڵام ئەمە روو نادات.

ژیلا كە چیرۆكی جۆراوجۆری پیاوە سەرمایەدار و پلەدارەكانی لەگەڵ نهێنیەكەی خۆیدا شاردووەتەوە، ئاوا باسی دەست پێكردنی بەو كارە دەكات، دوای ئەوەی بووم بەژن و بێهیوا بووم لەوەی حەیدەر بێتە داوام، ئیتر بوومە دارەدەستەی حەیدەر، ئەو پلان دادەنێت و منیش جێبەجێی دەكەم، پلانەكەمان هەرجارەو جۆرێكە، بەڵام ئەو بەهەر جۆرێك بێت ڕێگە دەدۆزیتەوە بۆ گەیاندنم بە كەسی مەبەست و دواتر دەبێت من لێی نزیك ببمەوە، هەروەها وەك خۆشەویست نمایش بكەم.

ئەو كچە روونی دەكاتەوە، لە ڕێگەی وێنە و ڤیدۆكانی كە من دەیگرم، حەیدەر هەڕەشەیان لێ دەكات و چەندی بوێت پارەیان لێ دەستێنێت، بۆ گوتن و بڕواكردن، ڕەنگە ئاسان نەبێت، بەڵام ئەو بەشێك لەو كەسانەی لە كۆمەڵگەدا دەستیان بۆ بەسینگەوە دەنرێت لەگەل دەركەوتنیاندا، بۆ هەر كچێكی وەك من دەكەونە سەر ئەژنۆ دواتر بۆ شاردنەوەی پیسیەكانیشیان هەرچی بێت دەیدەن.

ژیلا خۆی بەتاوانبار دادەنێت لە بەرامبەر ئەو كارەی كە لەگەڵ حەیدەردا دەیكات و دەڵێت كە چەندین جار ویستوویەتی ڕزگاری بێت لە حەیدەر، بەڵام نەیتوانیووە، چونكە چوونە ناو ئەو كارانە چەند قوڕس بێت، هاتنە دەرەوەش لێیان دوو هێندە ئەستەمە، جەخت لەوەش دەكاتەوە كە چەندین جار داوای لە حەیدەر كردووە واز لەو كارە بێنن و ئەگەر ئەویش نایهێنێت ئەوا ژیلا قەت شوو ناكات، بەڵام حەیدەر ڕازی نابێت.

 ژیلا باس لەوەش دەكات، ئەو جۆرە كارە لە كوردستاندا كارێكی نوێ نییە و زۆر كەسی تریش ئەو كارەیان كردووە و بەردەوامیشن، لە وڵاتانی دراوسێش بە شێوەیەكی زۆر بەربڵاوە، بەڵام چونكە ئابڕووچوونی زۆر كەسی تێدایە كە خاوەن خێزان و ناوبانگن، بۆیە بە بێ دەنگی دادەخرێت.

ژیلا ئێستە لەگەڵ خێزانەكەیدا دەژیت، دەڵێت كەس پێی نازانێت لە خانەوادەكەیدا كە ئەم كارە دەكات، بەڵام دەڵێت هەمیشە لە ئەگەری پێزانین و ئاشكرابووندایە، بۆیە زۆر هەوڵی ئەوە دەدات كە كوردستان بەجێ بێڵت، بەڵام تاوەكو ئێستە حەیدەر ڕازی نییە، وەك ژیلا دەڵێت، حەیدەر كوردستانی بۆ ئەم جۆرە كارە پێ لە زۆر شوێنی تر گونجاوترە.

ئیڤان عەبدورەحمان 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل