سەرۆکوەزیرانی هیندستان گەیشتە ئەمەریکا
ترەمپ ئێوارەخوانێکی تایبەتی بۆ ریکخستووە

:: PM:12:38:25/06/2017 ‌


سەرۆکوەزیرانی هیندستان گەیشتە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و بڕیارە لە ماوەی سێ رۆژدا چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و بازرگانی و کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا لەو وڵاتەدا بکات.

ئەمڕۆ یەکشەم 25ی حوزەیران، ئاژانسی هەواڵی BBC رای گەیاند، نارندرا مودی سەرۆکوەزیران هیندستان بە سەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە ئەمەریکا.

بڕیارە مودی لە یەکەم رۆژی سەفەرەکەیدا لەگەڵ بازرگانان و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای گوگڵ و مایکرۆسۆفت و ئەپڵ کۆ ببێتەوە و کۆمەڵێک گرێبەستی لێک تێگەیشتن لە بواری بازرگانی تەکنەلۆجیاییدا واژۆ بکەن.

سەرەکیترین مەبەستی سەرۆکوەزیرانی هیند لەو سەردانەیدا کۆبونەوەیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

ماڵپەڕی دەنگی ئەمەریکا لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکە ئاشکرای کردووە، هێزی سەربازی چین و فرۆشتنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە هیندستان دوو تەوەری سەرەکی دیداری نێوان ترەمپ و مودی دەبێت.

بڕیارە ئەمەریکا ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە بەهای چەندان ملیار دۆلار بە هیندستان بفرۆشێت بە ئامانجی پتەوکردنی بەرگری هیندستان.

بڕیارە لەو سەردانەدا ترەمپ خوانێکی تایبەت بۆ سەرۆک وەزیرانی هیندستان رێک بخات و بەمەیش مودی یەکەم سەرۆکی وڵاتانی جیهانە کە بۆ پێشوازیکردنی، ترەمپ ئێوارەخوانێک لە کۆشکی سپی رێک دەخات.


سەرچاوە/BBC - VOA


وشە - هیدایه‌ت جان