زۆرجار هەڵەی هونەریی دەبنە هۆی لاوازیی فیلمی سینەمایی یان دراماكان. پێگەی "فەرفیش" كە پێگەیەكی میسرییە و بایەخ بە هەواڵی هونەری و هونەرمەندان دەدات، راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بە چەند هەڵەیەكی هونەریی دەدات كە لە دراماكانی ئەمساڵدا بوونە جێی سەرنجی بینەر. "وشە"یش بەشێك لە راپۆرتەكە بڵاو دەكاتەوە.
لە درامای "ئەرز و ئاسمان"دا ئەكتەرێك دەردەكەوێ كە دەیەوێ جگەرە بكێشێ، بۆ ئەوەی دایگیرسێنێ، جگەرەكە بە پێچەوانە دەخاتە ناو دەمی.
لە درامای "الحلاوە الدنیا"دایشدا مایكی وەرگرتن بەشێوەیەكی ئاشكرا لە چاوی كامێراكەدا دەردەكەوێت، ئەوەیش بووە جێی سەرنجی بینەر و لە پێگە كۆمەڵایەتییەكاندا دەیان رەخنەی لێ گیراوە.
هاوكات لە درامای "كفر دلهاب"دا ستاند و وێنەگرەكە، لە یەكێك لە كامێراكاندا دەردەكەون كە ئەوەیش بە یەكێك لە هەڵە ستراتیجییەكانی هونەریی هەژمار دەكرێ، بۆیە رەخنەیەكی زۆری لێ گیراوە بەجۆرێك كاریگەریی خستووەتە سەر ئاستی هونەریی دراماكە.
لە درامای "كلبش"دا، كاتێك وێنە دەگیرێت، ئۆتۆمبێلێك تێپەڕ دەبێت و لە جامەكەیەوە وێنەی ستافی وێنەگرانی دراماكە دەردەكەوێ، كەچی ئەو هەڵە زەقە بەسەریاندا تێپەڕ بووە، بۆیە بووە مایەی رەخنەیەكی زۆر.
دواتریش لە درامای "باب الحارە 9" كە باس لە مێژوو و بەتایبەتی ساڵانی چلەكان دەكات، لە گرتەیەكدا لە پشتی ئەكتەرەكان پۆستەرێك دەردەكەوێ كە بۆ ساڵی 2011 دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەویش كاریگەریی خستووتە سەر ئاستی هونەریی دراماكە.
هەموو ئەوانەی لێرەدا باس كراون، لە دراماكاندا زۆر بە زەقی دەردەكەون بەبێ ئەوەی كەسێك هەستی پێ بكات. بۆیە دەگوترێ بینەر باشترین رەخنەگرە.