لەمەرزی نێودەوڵەتی
باشماخ لە رۆژانی جەژندا، تەنیا رێگە بە هاتوچۆكردنی ئۆتومبێلی گەشتیاران دەدرێت و
هاتوچۆكردنی تەنكەر و ئوتومبێلە بارهەڵگرەكان راگیراوە، هاوكات لەماوەی سێ رۆژی رابردووشدا،
19 گەشتیاری بیانی سەردانی سنووری پارێزگای سلێمانیان كردووە.
شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری
گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بە"وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە یەكەم رۆژی
جەژنی رەمەزان، بەمەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران و ئاسانكاری بۆ هاتوچۆكردنیان،
بەپێی رێكەوتنی نێوان هەردوو لایەنی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ دیوی هەرێم و ئێران،
هاتوچۆكردنی تەنكەر و ئۆتومبێلە بارهەڵگرەكان، لەنێوان هەرێم و ئێراندا راگیراوە.
زیاتر روونی
دەکاتەوە، تەنیا رێگە بە هاتوچۆكردنی ئۆتومبێلی گەشتیارانی ئێرانی دەدرێت، بەڵام لە
سبەینێوە واتە دووەم رۆژی جەژن، هاتوچۆكردنی تانكەر و ئوتومبێلی بارهەڵگر دەست پێ دەكاتەوە.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی
گەشتوگوزاری سلێمانی، كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتوە، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا،
واتە رۆژانی "22 و 23 و 24"ی حوزەیران، لە رێگەی بازگەكانی عەربەت و تاسڵوجە
و كەڵەوانان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە، 18 هەزار و 74 گەشتیاری بیانی و عەرەب،
سەردانی شاری سلێمانیان كردووە.
هاوکات بەپێی ئامارێكی
بنكەی نشینگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كە تایبەت دراوەتە "وشە" لە ماوەی
سێ رۆژی رابردوودا، ژمارەی گەشتیارانی كوردی رۆژهەڵات و فارس كە لە رێگەی ئەو مەرزەوە
هاتونەتە خاكی هەرێمی كوردستان ژمارەیان هەزار و642 گەشتیارە.
ساڵانە لەكاتی بۆنە
نەتەوەیی و ئاینی و جەژنەكاندا، گەشتیارێكی زۆری بیانی سەردانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی
كوردستان دەكەن و بۆ جەژنی رەمەزانیش پێشبینی دەكرێت، ئاماری هاتوی گەشتیاران بەرەو
هەڵكشان بچێت، بەبەبەراورد لەگەڵ جەژنەكانی رابردوو.
پێنجوێن/رێبین پێنجوێنی