پلانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ تێكشكاندنی حه‌شدی شه‌عبی و ده‌ستی ئێران له‌ عێراق

:: PM:04:37:25/06/2017 ‌
بەشێوەیەكی كردەیی ئێستە پەیكەری هێزێكی هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق بنیات نراوە، هەرچەندە میلیشیاكان فشاری زۆر بەهێزیان لەسەرە لەلایەن سیاسییەكان و سوپا و دژە تیرۆری عێراق، بەڵام هەموو ئەگەرەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە گرووپە میلیشیاییەكان و حزبوڵای لبنانی سەر بە ئێران لە عێراق بەردەوام دەبن و بەیەكەوە دەلكێنرێن و دەبن بە هێزێكی هاوشێوەی سوپای پاسداران.

ئەو هێزە میلیشیاییە هاوشێوەی حزبوڵای لبنان، لە ژێر ناوی حزبوڵای عێراق بە هەمان ئامانج و ئەركیەوە كار دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئێران لە ناوچەكە، وەك ئیسرائیل و بەحرێن و سعوودیە، هەرچەندە سەركردە سیاسی و سەربازی و ئاینییەكانی عێراق دەیانەوێ ئەو پرۆسەیە بۆ دواوە بگەڕێتەوە و سەر نەگرێ، بەڵام هەنگاوەكان بە خێرایی بەرەوپێش دەچن.

كێشە گەورەكە ئەوەیە كە واشنتن چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕێكخراوی بەدر و سەركردە تینووەكەی بۆ دەسەڵات هادی عامری بكات، چونكە ئیتر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بزاوتێكن ئەستەمە پەراوێز بخرێن و هەڵبوەشێنرێنەوە، لە نێو پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا و هێزە تەناهییەكانی تری عێراقیش خەڵكی زۆریان لەگەڵدایە و هاوسۆزی ئەوانن.

ئەمەریكا لە 14 ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەكی پچڕ پچڕ پێوەندی لەگەڵ میلیشیاكانی بەدر دروست كردووە و بەردەوام نیگەران بووە لەوەی هاوكاریكردنیان، دروستكردن و بەهێزكردنی دوژمنێكی داهاتووی ئەمەریكایە و پێشتر لەو بڕوایەدا بوون كە بە گرتنی سەركردەكان، ئیتر دەتوانن بخرێنە ژێر ڕكێفی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە، ئەوە وێنەیەكی زۆر هەڵە بوو دروست كرابوو، لە عێراقێكی مردوو و لە دەستچوو كە ئێستە بە تەواوی لەژێر هەژموونی ئێراندایە، هێزەكانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران، یارییە سیاسی و سەربازییەكان لە عێراق گۆڕانكارییەكان بەسەردا دێ،  بەهۆی بەردەوامی میلیشیاكان لە نزیكبوونیان لە ئێران و سووربوونیان لەسەر دامەزراندنی دامەزراوەیەكی تری تەناهی لە عێراق و پارەداركردنیان.

بەكارهێنانەوەی سیستانی
هەرچەندە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق لە 2014 بە فتوایەك میلیشیاكانی كۆ كردەوە و بەرەنگاری داعش بوونەوە، بۆیە ئەمەریكا دەیەوێ دوای نەمانی داعش لە عێراق بە فتوایەكی عەلی سیستانی كە داوای هەڵوەشانەوەی میلیشیاكان و دەسبەرداربوونی چەك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكات، كۆتا بە میلیشیاكان بێت، بەڵام ئەمە كارێكی زۆر ئەستەمە گرووپە شیعییەكانی سەر بە ئێران هێزەكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێننەوە، چونكە ئێران بەهیچ شێوەیەك ئەمەی ناوێت.

پلانێكی تری ئەمەریكا ئەوەیە سەركردە مەزەوی و نزیكەكان لە ئێران لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دوور بخاتەوە و ئەو هێزانە بەشێوەیەكی ڕێكخراو تۆمار بكات و بیاننێرێتەوە ماڵەوە، وەك هێزێكی یەدەك بۆ كاتی كارەسات و جەنگ ڕێكیان بخاتەوە و لە ماڵەوە بن، هەركات فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان داوای كردن دەست بدەنەوە چەك و لە جەنگ و كارەساتەكان بەشداری بكەن، یانیش هێزەكان دەبرێنە دەرەوەی شارەكان و بۆیان نییە بێنە ناو شارەوە، وەك هێزی سنوورەكان و دەوروبەری شارەكان مامەڵەی لەگەڵ بكرێ و دواتریش ئەمەریكا وردە وردە لێیان بدا و لەژێر هەژموونی ئێران دەریان بهێنێت.

بژاردەیەكی تر كە پێویستە كاری لەسەر بكرێ، بەهێزكردنی هێزی دژە تیرۆری عێراقە كە ئێستە بودجەی حەشدی شەعبی لە 2017 بڕی 1.63 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بوو، لە بەرامبەردا بودجەی دژە تیرۆری عێراق تەنیا 683 ملیۆن دۆلار بووە و دەبێ ئەمە بە تەواوی پێچەوانە بكرێتەوە و ڕۆڵی گەورەتر و گرنگتر بە دژە تیرۆر بدرێ و لە دەرەوە و وڵاتان كۆمەكی بكەن و دانی پێدا بنێن وەك هێزێكی كارامە و تۆكمە بۆ لەناوبردنی تیرۆر، تا لە میلیشیاكان كاریگەرتر و بەهێزتر بن.

داهاتووی عێراق
تا ئێستە كات ماوە بۆ ئەوەی گەمارۆی ئەو پێگە و پۆستانە بدرێ كە بریكارەكانی ئێران لە عێراق لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە دەستیان هێناوە و دەوڵەتی عێراقیان لەبەرچاو ون كردووە و بە تەواوی وڵاتەكەیان گەمارۆ داوە و هەژموونی ئێرانیان بەسەردا سەپاندووە، بە هەموو شێوەیەك ئەمەریكا ناتوانێ دەستەوەستان سەیر بكات، ئێران چوارەم وڵاتی بەرهەمهێنەری وزە لە دنیا بخاتە ژێر ڕكێفی خۆی،  جگەلە لە ڕوانگە ئابوورییەكەش، عێراق پێگەیەكی زۆر بەهێزی لە جیۆپۆلەتیكی ناوچەكەدا هەیە و تاكە بەربەست و دوا دیوارە بە ڕووی ئێران بۆ گەیشتن بە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داگیركردنی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئێرانەوە.

بە ڕوانین لەو پرسانە، ئەمەریكا و وڵاتانی زلهێز هێشتاش ناتوانن دەسبەرداری حكوومەتی عێراق بن، بە پێچەوانەوە پشتیوانی زۆرتر و زیاتر پێشكەشی بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی بەسەر مەترسی میلیشیاكانی سەر بە ئێران زاڵ ببێ و كۆتا بە هەژموونی ئێران لە عێراق بهێنێت، ئەمەش كارێكی ئاسان نییە و تا ئێستە ڕوون نییە ئەمەریكا لە كوێوە و كەی دەست بەم هەنگاوە بە كردەیی دەكات.

سەرچاوە/ التقریر.


وشە - باز ئه‌حمه‌د