ئەشکەوتێک لە کوردستانە هاوینان ناتوانی خۆ لەبەر سەرماکەی بگریت

:: PM:05:57:25/06/2017 ‌

لە گوندی سیدانی سەر بە دەڤەری رێكان لە سنووری شارەدیێ‌ شێلادزێ‌ ئەشكەوتێكی بچوك هەیە بە ناوی "كونە با" لە وەرزی هاویندا پلەی نێو ئەشكەوتەكەدا هەشت پلەی سیلێزی لە سپلێت سارد ترە، بەڵام لە وەرزی زستان دا زۆر گەرمە ، ئەمە بووەتە هۆكار بۆ ئەوەی گەشتیارێکی زۆر سەردانی شوێنەکە بکەن.

ئەیوب سیدانی هاووڵاتییەكی گوندی سیدان بە "وشە"ی راگەیاند، پلەی نێو ئەشكەوتەكە بەپێی وەرزەكانی ساڵ دەگۆڕێت و بە شێوەیەكی گشتی پلەی نێو ئەشكەوتەكەدا لە وەرزی هاوین لەنێوان شەش بو حەوت پلەی سیلیزی دایە كە ئەمەش هەشت پلە لە سپلیت ساردترە و چەندە دنیا گەرما بێت ئەوا پلەی نێو ئەشكەوتەكە ساردتر دەبێت، بەڵام لە وەرزی زستاندا پلەی نێو ئەشكەوتەكە پێچەوانە دەبێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، كانیاوێكی گەورە لەو گردەی ئەشكەوتەكەی تێدایە هەڵكەوتووە کە بە قوڵایەكی زور دەچێتە خوارەوە بۆناو ئەو رووبارەی كە بەدووری یەك كیلۆمەتر لە ئەشكەوتەکە دوورە ، لەبەر ئەوە ئەو شەكەوتە زور ساردە و چەند ئەشكەوتێكی تریش هەر لە گوندەكەمان لە نێزیك کونەبا بە هەمان تایبەتمەندییەوە هەیە.

ئەشكەوتی كونە با نزیكەی پێنج مەتر درێژە و مەتر و نیوێک بەرزە و مەترێكیش فراوانە و لە شوێنێكی بەردینی هەڵكەوتووە و دەكەوێتە سەر رێگای گشتی نێوان گەلی باڵندە و دەڤەری رێكان.

ئەقبال عومەر وەكو گەشتیارێك سەردانی ئەشكەوتەكەی كردووە و وەک بۆ "وشە" دەدوێت، ناوبانگی ئەشكەوتەكە لە هەموو سنووری شارۆكەی ئامێدی بڵاو بووەتەوە، ئەمەیش بووەتە هۆكاری ئەمرۆ لە نزیكەوە سەردانی بكەم، بینیم کە شوێنێكی زۆر سەرنجڕاکێشە، ئەشكەوتەكە زۆر لە سپلیت ساردترە، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی ئێمە و خەڵكی ناوچەكەیە، شوێنەكە زۆر تەسكە و ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار كەمێك فراوانی بكەن پێموایە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار و هاووڵاتیان سەردانی دەكەن.

فەرهاد رەشید هاووڵاتیەكی تری دەڤەری رێكانە و بۆ "وشە" دەڵێ، هیچ كەسێك ناتوانێن زیاتر لە 10 خولەك لەنێو ئەشكەوتەكە بمێنێ‌تەوە، لەسەردەمی پێشوودا بەهۆی نەبوونی كارەبا و سپیلیت و ئامێرەکانی فێنكەرەوە، هاووڵاتیانی ناوچەكە لەناو ئەو ئەشكەوتە و شوێنەكانی تری هاوشێوە دەحەسانەوە ، ئەوەی جێگای سەرسورمانە هەوای ئەو شەكەوتەیە کە ئەوەندە ساردە كەس ناتوانێت زیاتر لە 10 خولەك لەناویدا بمێنێتەوە ئەمە وێرای ئەوە هەوای ئەشكەوتەكە زۆر تەندروستە.

بەهۆی زۆری سەردانكەرانی ئەشکەوتی کونە با ، بەشێك لە هاووڵاتیانی ناوچەكە ئەشكەوتەكە دەقوازنەوە بۆ فرۆشتنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان بە گەشتیار و سەردانكەران.

گوندی سیدان بە دووری 30كم دكەوێتە باكووری رۆژهەلاتی شارۆكەی شێلادزێ‌ی سەربە شارۆكەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، وێڕای ئەوە كە ناوچەكە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی پەكەكە و لە لایەن فرۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوچەكە بەردەوام بۆردومان دەكرێت، بەڵام رۆژانە نزیكەی 500 كەس سەردانی بۆ دەكەن.

ڤیدیۆی ئەشکەوتەکە لە ریپۆرتاژێکدا ببینە

ئامێدی/نەوزاد هلۆری


وشە - هیدایه‌ت جان