هەڵوێست لە هەولێر کۆنسێرت ساز دەكات

:: AM:09:41:26/06/2017 ‌

 

بڕیارە لە 30/6/2017 كۆنسێرتێك بۆ هونەرمەند هەڵوێست لە هۆڵی مامۆستا سەعد ساز بكرێت و داهاتەكەشی تەرخان دەكرێت بۆ پرۆژەی چرۆ بە مەبەستی ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لە كوردستان.

 

چیا هەورامی ئەندامی دەستەی كارگێڕی پڕۆژەی چرۆ بە "وشە"ی ڕاگەیاند: " بڕیارە لە 30/6/2017 كۆنسێرتێك بۆ هونەرمەند هەڵوێست بەڕێوە ببەین و هەموو داهاتەكەشی بۆ دامەزراندنی سەنتەرێكی ئەكادیمی و پرۆفیشنال تەرخان دەكەین.

 

هەروەها گوتی "ئەم سەنتەرە كار لەسەر توێژینەوەی هۆكارەكانی نەخۆشی شێرپەنجە دەكات و هەوڵ بۆ بنبڕكردرنی هۆكارەكانی ئەم نەخۆشیە دەكات، لە هەمان كاتدا لەو سەنتەرە پشكنین بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە دەكرێت، بە تایبەت ورد ئەبینەوە لەسەر ئافرەتان و منداڵان كە زۆرترین مەترسیان لەسەرە بۆ نەخۆشی شێرپەنجە، لەبەر ئەوەی لە كوردستان سەنتەرێكی پرۆفیشناڵ بۆ پشكنینی پێش وەختەی ئەم نەخۆشییە نییە.

 

ئەو دەڵێت هەر بۆیە بیریان لەوە كردەوە ئەم سەنتەرە دابمەزرێنن بۆ ئەوەی بەر لە تووشبوون ڕێگری لە شێرپەنجە بكەن، چونكە لە ئێستەدا مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە لە عێراق لە 35% ە و گەر بەم شێوەیە بڕوات لە ساڵی 2020 نزیكەی 50% خەلك ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت.

 

لەم کۆنسێرتەدا  بلیتەكان جیاوازن و بە سێ‌ ئاست دەفرۆشرین، بۆ نمونە گۆڵد بە 30 هەزار دینار ، سیلڤەر بە 20 هەزار دینار و پلاتینیۆم بە 10 هەزار دینار دەفرۆشرین و هیواداریشن زۆرترین كەس لەم كۆنسێرتە ئامادە بێت، چونكە ئەمە لە پێناو خزمەتكردنی كۆمەڵگایە، بە تایبەتی ئەو چینەی كە لە دۆخێكی ئابووری لاوازدان.

 

پرۆژەی "چرۆ" پرۆژەیەكی خۆنەویستی نیشتیمانی و مرۆڤانەیە و بۆ هەتا هەتایە ئەیەوێ‌ خزمەت بە گەلی كورد بكات و سەلامەتی و تەندروستی تاكەكانی كورد بپارێزێت و ئامانجیەتی لەم ڕێگەیەوە هەموو تاكێك بپارێزیت لە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، هەروەها پشكنینی بەردەوامی تاكەكانی كۆمەڵگە بكات بە كلتور تاكو لەم ڕێگەیەوە ڕێگە لە تووشبوون بەم نەخۆشییە بگیرێت.

 

وشە / محەمەد جەمال

 

 

 



وشە - سلێمان تاشان