لە کەمپینێکدا داوای بنیاتنانی جیهانێکی دوور لە ئەشکەنجە دەکرێت

:: AM:10:04:26/06/2017 ‌

 

 

 

لە یادی ڕۆژی جیهانیی پاڵپشتیکردنی قوربانییانی ئەشکەنجەدا، دەزگای ژیان پشتگیری خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ قوربانیانی ئەشکەنجە و خێزانەکانیان و داواش لە لە کاربەدەستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کاری رژد بکەن بۆ بنیاتنانی جیهانێکی دوور لە ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە.

 

دەزگای ژیان ئاشکرای کرد ژمارەی ئەو قوربانییانەی سەردانیان دەکەن بەردەوام لە زیادبووندان، کە پێکهاتوون لە چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئاوارە و پەنابەر، ڕۆژنامەنووس، کەمە نەتەوەکان و داواش دەکات چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و بنبڕکردنی ئەشکەنجە و قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی دووچاری ئەشکەنجە هاتون کاری لەپێشینەی دەسەڵات و لایەنە سیاسیەکان بێت ، هەتا هەمووان بە ئارامی بژین و دەوڵەتێکی دوور لە ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە بنیات بنرێت.

 

دەزگای ژیان خزمەتکردن و پاڵپشتیکردنی قوربانییانی ئەشکەنجە بە کارێکی خێرخوازی نازانێت و پێی وایە ئەمە لە ئەستۆی حکوومەتی و دەوڵەتە و پێویستە پاڵپشتیان بێت و قەرەبوویان بکاتەوە. ئەمەش بەپێی (بڕگەی ١٤) لە ڕێکەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە وەک یاسا ناسێنراوە و داوا لە دەوڵەتان دەکات پابەند بن پێوەی.

 

بە گوێرەی ئاگادارییەک کە دەزگاکە وێنەیەکی بۆ "وشە" ناردووە داوا لە قوربانیانی  ئەشکەنجە دەکرێ سەردانی دەزگای ژیان بکەن و ئەوانیش لەڕێگەی کەسانی پسپۆڕەوە چارەسەری گونجاویان پێشکەش دەکەن.

 

دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕێکخراوێکی ناحکوومی قازانج نەویستە، لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە کاردەکات بۆ قوربانیانی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا. خاوەنی ١٠ بنکەیە لە کوردستان و عێراق دا، تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠٠٠ کەس چارەسەری وەرگرتووە لە سەرجەم بنکەکانیدا.

 

بۆ زیاتر پاڵپشتیکردنی قوربانییانی ئەشکەنجە، دەزگای ژیان لەگەڵ ئەنجوومەنی ڕاهێنانەوەی نێودەوڵەتی بۆ قوربانیانی ئەشکەنجە (IRCT) کەمپینێکی بەناوی "لەپاش ئەشکەنجە پاڵپشتی لە ژیان بکە" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیاندووە.

 

جێگەی باسە لە سێ ساڵی رابردوودا کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش رووی لە عێراق کردووە خەڵکێکی زۆر بەدەستی تیرۆریستان رووبەڕووی ئەشکەنجە و توندوتیژی بوونەتەوە.

 



وشە - سلێمان تاشان