جووڵەی بازرگانی لە مەرزی شۆشمێ هەڵدەكشێ

:: AM:11:31:26/06/2017 ‌



مەرزی شۆشمێ تەنیا مەرزی نیمچە فەرمییە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە كە دەكەوێتە ناوچەی هەورامان لە هەرێمی كوردستان، لە شارەدێی تەوێڵەوە نزیكە و لە ئێرانیشەوە كەوتووەتە سنووری گوندی شۆشمێی سەربە شاری پاوە. ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردوو هاوردەكردن لەو مەرزەوە بەڕێژەیەكی زۆر زیادی كردووە.


نەوزاد والی ئەندازیار و لێپرسراوی هۆبەی كەرەنتینەی كشتوكاڵی مەرزی شۆشمێ، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "لەمساڵدا رێژەیەكی بەرچاو هاوردەكردن زیادی كردووە، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سەرووی 18 هەزار و 500 تۆن كاڵا لە ئێرانەوە هاوردە كراوە، لە كاتێكدا شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو تەنیا دوو هەزار و 121 تۆن هاوردە كرابوو".
لەبارەی جۆری شمەكە هاوردەكراوەكانەوە روونی كردەوە، "ئەوەی دێتە لەلای ئێمە، زیاتر بەرهەمە كشتوكاڵییە و ئێمە پشكنینیان بۆ دەكەین، جگەلەوەی حەوت هەزار و 650 دەسكی خاكەناز لەو مەرزەوە هاوردە كراون، بەڵام هیچ كاڵا و شمەكێكی كوردستان لە مەرزی شۆشمێوە هەناردەی ئێران ناكرێت".

والی ئاماژەی دا، سەرووی 22 هەزار تۆن لە بەرهەمەكانی تەماتە، كوولەكە، بامیە، كەلەرمی سوور و چەند بەرهەمێكی تریان بۆ ئێران گێڕاوەتەوە كە نەخۆشیی پێوە بووە و بە كەڵكی بەكارهێنان نەهاتوون، لە كۆی ئەو دەسكە خاكەنازانەیش هاوردە كراون، 200 دانەیان گێڕاوەتەوە كە بە توێكڵەوە هێنراون، چونكە وەك دەڵێ‌، "بەپێی رێنوێنییەكان نابێت كلكە خاكەناز بە توێكڵەوە هاوردە بكرێت، چونكە لەژێر توێكڵەكەوە ئەگەری هەبوونی مێروولە و زیندەوەری گیانبەخش هەیە".

لەم بەدواداچوونەی "وشە"دا دەركەوتووە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 16 هەزار تۆن بڕی هاوردە بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو زیاتر بووە.

حەمید بارام بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە، بە"وشە" دەڵێ‌، "مەرزی شۆشمێ‌ نیمچە فەرمییە، ئێمە لە ساڵانی رابردوو هەوڵی زۆرمان داوە بكرێتە مەرزێكی فەرمی و نێودەوڵەتی".

زیاتر دەڵێ‌، "بەئاگاداری سەرووی خۆمان لەگەڵ فەرمانگە و دەزگە پێوەندیدارەكانی سنوورەكەمان، دوو جار سەردانی ئێرانمان كردووە بۆ هاوئاهەنگی و كاركردن بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بەفەرمیكردنی ئەو مەرزە پێویستی بە ڕەزامەندی بەغدا و چەند دامەزاروەیەكی حكوومەتی ناوەندی هەیە، بەڵام تا ئێستە بڕیار نەدراوە بۆ بەفەرمی ناساندنی".

"ئێستە مەرزەكە نیمچە فەرمییە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تەنگژەی دارایی، هەموو مامەڵەیەكی فەرمی دەكەین بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچەكە سوودی لێ ببینن و ئێستەش خەڵكێك بازرگانیی شتومەكی خۆراكی و بیناسازی و كەلوپەل لەو مەرزەوە دەكەن" بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە وای گوت.

وشە/شەفیق بانیشاری 




وشە - تایبه‌ت