گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی پارێزگەی نەینەوا، پاڵپشتی هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا بۆ ریفراندۆمی كوردستان دووپات دەكاتەوە بەوەی ئەوان "لەگەڵیدان و پاڵپشتی جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق دەكەن".
رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.
شێخ موزاحیم مولحیم حوێت بۆ "وشە" رای گەیاند، لەبارەی ئەو ناوچانەی پێشتر لە سنووری ناوچەی مادەی 140 بوون و دواتر لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد كرانەوە، داوای هاتنە ناو كوردستان دەكەین و ئێستە كە وادەی ریفراندۆم دیاری كراوە، هەر لە شنگالەوە تا مەخموور پاڵپشتی لە ریفراندۆم دەكەین.
زیاتر گوتی، ئێمە وای دەبینین گەلی كوردستان مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، چونكە ئەوان زۆر بەدەستی رژێمەكانی پێشوو ناڵاندوویانە و لە دوای 2003ش دۆخەكە باشتر نەبوو، بۆیە وەك هۆزەكانی عەرەبی سنووری پارێزگای نەینەوا پاڵپشتی لەو مافەی گەلی كورد و كوردستان دەكەین.
"ناوچەكانی دەرەوەی مادەی 140، سەرپشكن ئاخۆ دەیانەوێ لەگەڵ هەرێم بن یان نا، ئێمە پێشتر داوای ئەنجامدانی راپرسی و جیابوونەوەی هەرێممان كردبوو لەبەر چەند هۆیەك، لەوانە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان و دووەمیش بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە و مەترسییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، ئەگەر ئەمجارە گەلی كورد جیا نەبێتەوە، رۆژانی داهاتوو نەهامەتییەكانی رابردووی زۆر زیاتر دەبێت، لەوانە بڕینی مووچە و زۆر شتی تر، ئەگەر هەرێم جیا نەبێتەوە داهاتوو سەختتر دەبێت" حوێت وای گوت.
گوتەبێژی هۆزەكانی نەینەوا كە بەشێكی زۆری عەشایەری عەرەب لەخۆ دەگرێ، ئاماژەی بەوە دا كە وەك پێكهاتەی عەرەب لە سنووری كوردستان و ناوچە ئازادكراوەكانی سنووری مادەی 140ی پێشوو، بڕیارمان داوە لەگەڵ كوردستان بین، چونكە پێشتر بەشێك لە سیاسەتوانانی سوننە وایان پێشان دەدا كە كوردستان نەیارمانە، بەڵام دوای هاتنی داعش كە كوردستان باوەشی بۆ كردینەوە لە هەموو پارێزگاكان، بەڕاستی ئەوەبوو پێوەندی مێژوویی و برایەتی كورد و عەرەب، بۆمان دەركەوت پەناگە و پارێزەرمان كوردستانە، بۆیە هۆزەكان بڕیاریان داوە بچنە سەر كوردستان و لە ریفراندۆم بە "بەڵێ" بۆ جیابوونەوەی كوردستان دەنگ بدەن.
لەبارەی ناكۆكی لەسەر ناوچەكان و ناڕەزایی بەغدا؟ گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا رای گەیاند "لەو پرسەدا بۆچوونی بەغدا بۆ ئێمە گرنگ نییە كە رازییە یان رەتی دەكاتەوە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە بۆچوونی گەلی كوردستانە كە ئەو بڕیار دەدات ئاخۆ جیا ببێتەوە یان لەگەڵ حكوومەت و چەند حزبێكی دیكتاتۆری وەك حزبەكەی مالیكی و میلیشیاكانی سەر بەئێران بمێنێتەوە؟".
دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ گەلی كورد و عەرەبەكانی ناوچە ئازادكراوەكان یەك بڕیاریان هەیە، بەڵام بەغدا بە بڕیاری گەل ناجووڵێتەوە و بە قسەی ئێران هەڵسوكەوت دەكات، بۆیە وەك هۆزەكانی نەینەوا وا سەیری ریفراندۆم دەكەین كە بڕیارێكی مێژوویییە و جەژنێكە ئێمەش بە پەرۆشەوە دەكەین.
"بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كوردستان چاوەڕوانی بەغدا و كەسی تریش ناكات، بارزانی كاتێك بڕیاری دا، بڕیاری كۆتایە و پاشگەزبوونەوەی بۆ نییە" شێخ موزاحیم مولحیم حوێت وای گوت.