وەزارەتی دارایی خشتەیەكی تری مووچەی بڵاوكردەوە

:: PM:02:38:29/10/2016 ‌

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا خشتەیەكی تری مووچەی مانگی ئاب/ئۆگەستسی كارمەندانی وەزارەت و فەرمانگە جیا جیاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە.

راگەیەنراوەكە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە و تێیدا هاتووە، سبەی یەكشەم مووچەی خانشینانەی مەدەنی و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و وەزارەتی كارەبا دابەش دەكرێت.

ئاماژەی داوە، دووسبەی دووشەم مووچەی كەمئەندامانی سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتی داد،ئەنجوومەنی دادوەری، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دابەش دەكرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە بەهۆی بڕینی مووچە و بودجە بە بڕیارێكی كەسیی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی حكوومەتی عێراق، تووشی تەنگژەی دارایی بووەوە، هەرچەند لە سەرەتای ساڵی 2015 لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی رێككەوتنێكیان ئیمزا كرد، بەوەی هەرێمی كوردستان مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك لە رێی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بگەیەنێتە بەندەری جەیهانی توركی، لە بەرامبەریشدا حكوومەتی عێراق بڕی 17%ی بودجەی هەرێمی كوردستان دابین دەكات، بەڵام رێككەوتنەكە تا مانگی شەشی ساڵی 2015 بەردەوام بوو، دواتر بەهۆی نەناردنی پارەی تەواو لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، هەرێمی كوردستان بڕیاری راستەوخۆ فرۆشتنی نەوت و هەناردەكردنی بۆ بازاڕەكانی جیهان دا، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعشەوە بارگرانییەكی زۆر لەسەر شانی حكوومەت پەیدا بوو و تا ئێستە نەیتوانیوە لەو تەنگژە داراییە رزگاری ببێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د