سەرۆکی رووسیا ئاشکرای کرد دەستیان بە راکێشانی هێڵی گازی تورکیش ستریم کرد

:: PM:02:19:26/06/2017 ‌

 

ڤلادمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی دەستیان بە راکێشانی هێڵی گازی تورکیش ستریم کرد  و هیواشی خواستووە لە کاتی دیاریکراو کۆتایی بە پڕۆژەکە بهێنێت.

 

پوتین باسی لەوەش کردووە ئەگەر هاوبەشەکانیان رازی بن ئەوا ئامادەن گاز بۆ باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئەورووپا گاز بنێرن.

 

پڕۆژەكە بە توانای گواستنەوەی ٦٣ ملیار مەتر سێجا لە ساڵی ٢٠١٤ واژو كرا بەڵام دوای تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان رووسیا و توركیا لە ساڵی ٢٠١٦ بەهۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی رووسیا، بە هەڵواسراوی مابوویەوە.

 

بە گوێرەی ماڵپەڕی "RT" ئەو هێڵەی گازەی رووسیا لە توركیاوە بۆ یۆنان دەگوازرێتەوە  ودواتر بۆ وڵاتانی باشووری ئەورووپا درێژ دەبێتەوە و وزەی ئەو وڵاتانە دابین دەكات.

 

هێڵی گازی "توركیش ستریم" ساڵانە ٦٣ ملیار مەتر سێجا گازی رووسیا دەگەیەنێتە توركیا و ئەورووپا. بە پراكتیككردنی ئەو پڕۆژەیە توركیا دەكاتە گرنگترین رێگەی ترانزیتی گاز بۆ ئەورووپا.

 

هێڵەكە چوار لوولەی گاز لەخۆ دەگرێت و هەر كامێكیان ساڵانە ١٦ ملیار مەتر سێجا لە گازی رووسیا لە رێگەی دەریای رەشەوە دەگەیەنێتە توركیا. مەبەستی رووسیا ئەوەیە لە ناردنی گاز بۆ ئەورووپا چیتر پشت بە ئۆكرانیا نەبەستێت.

 

دالغا خاتین پسپۆڕی وزە لە گۆڤاری Natural Gas World ، باسی لەوە كردووە نیوەی هەناردەی گازی رووسیا لە ئۆكرانیاوە تێدەپەرێت و تا ساڵی ٢٠١٩ كۆتایی بە ماوەی گرێبەستی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا بۆ هەناردەكردنی گاز بەرەو ئەورووپا دێت و پێشبینی دەكرێت لەبەر ناكۆكییە سیاسییەكان، رووسیا ئامادە نەبێت گرێبەستەكە درێژ بكاتەوە.

 

بە گوتەی ئەو پسپۆڕە لە دەیەی داهاتووی زایینیدا، ئەورووپا  ساڵانە پێویستی بە ١٨٠ تا ٢٨٠ ملیار مەتر سێجا گازی رووسیا دەبێت. بڕی وەبەرهێنان بۆ هێڵی توركیش ستریم بریتییە لە ١١ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار و هەر یەك لە توركیا و رووسیا و لەوانەیە هەندێك كۆمپانیای تری جیهان لە وەبەرهێنانەكەدا بەشداری بكەن.

 

سەبارت بە ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان توركیا و رووسیا لە قەیرانی سووریا و كریمیا و واژووكردنی گرێبەستێكی لەم شێوەیە، ئیلهام شەبان بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی نەوتی خەزەر دەڵێت، دەكرێت بە تەواوبوونی یەكێك لە لوولەكانی  پڕۆژەكە لە ساڵی ٢٠١٩،  توركیا چیتر لەو لوولەیە گاز وەرنەگرێت كە لە رێگەی رووسیا و ئۆكرانیاوە، دوای تێپەڕین بە سێ وڵاتدا بەدستی دەگات.

 

بەڵام سێ لوولەكەی تر دەبێت لە توركیاوە درێژ بكرێنەوە بەرەو ئەورووپا. ئێستە توركیا ٥٣% لە پێداویستییەكانی  وڵات بە گاز لە رووسیا دابین دەكات و لە داهاتوودا ساڵانە لە ئازەربایجانیش ١٦ ملیار مەتر سێجا گاز دەكڕێت كە ١٠ ملیار مەتر سێجا لەو گازە بۆ ئەورووپا دەنێرێت.

 

 بەو پێیە توركیا دەبێتە جەمسەرێكی گرنگی گواستنەوەی وزە بۆ ئەورووپا و رووسیاش ئاسوودەتر لە جاران گازەكەی بە ئەورووپا دەفرۆشێت.

 

پسپۆڕەكە ئەوەش دەخاتەڕوو كە رووسیا لەو هێڵە، وەكوو كارتێكی گوشار دژی ئەورووپا سود وەردەگرێت و بۆ ئەو مەبەستە دەبێت لەو پڕۆژەیە گرنگیی بە گواستنەوەی گازی ئازەربایجان، توركمانستان و ئێران و ناوچەكانی تر وەكوو ئەلترناتیڤێك بدات.

 

بە گوتەی ئیلهام شەبان ریككەوتنە ئابوورییەكان و بەهێزتربوونی پێوەندییە بازرگانییەكان، كاریگەرییان بۆسەر كەمكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان هەیە، بەڵام رووسیا و توركیا لە زۆرێك لە كێشەكانی ناوچەكە ناكۆكی قووڵیان هەبووە.

 

 



وشە - سلێمان تاشان