کچی ترەمپ بە تۆمەتی ساختەکاری بانگهێشتی دادگا کرا

:: PM:03:18:26/06/2017 ‌

 

دادگای ئەمەریکا ئیڤانکا ترەمپ کە دەکاتە کچ و راوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکای، بە تۆمەتی کۆپی هەڵگرتنەوە لە مۆدێلێکی پێڵاوی کۆمپانیایەکی ئیتاڵی، بانگهێشت کرد. دادگاکەی نیۆیۆرک داوای لە ئیڤانکا کردووە بۆ لێپرسینەوە ئامادە بێت.

 

ئەو مۆدێلە پێڵاوەی خراوەتە بازاڕەوە بە وایلد سینگ ناسراوە و ئەستێرەکانی فیلم و مۆسیقا و میوزیک بە لایەنگری ئەو جۆرە پێڵاوە هەژمار دەکرێن. پێڵاوەکە لە ئەمەریکا بە ٧٨٥ دۆلار دەفرۆشرێت و ئیڤانکا ترەمپیش جۆرە پێڵاوێکی خستووەتە بازاڕ کە هاوشێوەی ئەو مۆدێلەیە و ناوی هیتی لێناوە و بە ١٤٥ دۆلار دەیفرۆشێت.

 

ئیڤانکا گوتوویەتی لە دیزاینی بەرهەمەکان هیچ رۆلێکی نییە و هەموو کات دوای ئەوەی بەرهەمەکەی دێتە بازاڕ بۆچوونی خۆی لە بارەوە دەردەبڕێت.

 

دادوەری لێکۆڵێنەوە بیانووی ئیڤانکای رەت کردووەتەوە، لەوەی ئامادە نەبێت و گوتوویەتی تا مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەبێت دوو جار لە دادگا ئامادە بێت.

 

کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە کە ئەوە یەکەم جار نییە کچەکەی ترەمپ ساختەکاری دەکات و ساڵی رابردووش کاری لەم شێوەیەی ئەنجام داوە.

 

ساڵی رابردوو کۆمپانیاکە سکاڵای لە ئیڤانکا کرد بەڵام لە سکاڵاکەی سەرکەوتوو نەبوو چونکە ئیڤانکا سەرجەم بەرهەمەکانی لە بازاڕ کشاندبووەوە.

 

سەرچاوە/دۆیچەوێلێ



وشە - سلێمان تاشان