گوتەبێژێك بەناوی هێزەكانی عێراق ڕای گەیاند كە چەكدارەكانیان بەشدار دەبن لە شەڕی دژ بە داعش و ڕێگەی هاتوچۆی نێوان مووسڵ و ڕەقەیان لێ دەگرن.
ئەحمەد ئەسەدی گوتەبێژی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، كەمێك بەر لە ئێستە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند كە ئەمڕۆ شەموو لە خۆرئاوای شاری مووسڵ، بەشداری لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ كردووە، گوتی: كاری ئێمە گرتنی رێگەی نێوان مووسڵ و ڕەقەیە تا هیچ چەكدارێكی داعش لەو ڕێگەیەوە لە مووسڵەوە بەرەو ڕەقە ڕانەكەن و لە سووریاوەش بەرەو مووسڵ نەیەن.
بەپێی زانیاری ئەسەدی، لە بەیانی ئەمڕۆوە، هێزەكان 10 گوندیان لە سنووری شارۆكەی تەلەعفەر ئازاد كردووەتەوە و گوتی: ئازادكردنەوەی شارۆكەی "تەلەعفەر"یش لە ئەستۆی ئێمە دەبێ.
تەلەعفەر شارۆكەیەكی سەر بە پارێزگای مووسڵە، دەكەوێتە دووری 48 كم لە ڕۆژئاوای شاری مووسڵ، ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكی 100 هەزار كەس دەبێت كە زۆرینەیان توركمانی شیعەن لەگەڵ ڕێژەیەك لە كورد و عەرەب و خاڵی سنووریی كوردستانە لە ڕووی جوگرافیاوە.
پێشتر ئەحمەد مەدلوول جەربا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر شاری مووسڵ ڕای گەیاند، ئەو شەڕەی لە مووسڵ دەكرێ، ئاسانترە لە چاو شەڕەكەی لە تەلەعفەر دەكرێ و گوتی: ئەو شارۆكەیە لە بۆمبێكی چێنراو دەچێ، بەهۆی ئەو پێكهاتە نەتەوەیی و مەزەوییەی هەیەتی، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە كە بەرپرسانی عێراق هیچ پلانێكی ژیرانەیان بۆ ئەو شارۆكەیە دادەناوە.
جەربا كە سەرۆكی یەكێك لە هۆزەكانی شەمەرە هەروەها گوتی: بەشداری پێكردنی "میلیشیا"ی حەشدی شەعبی، ئەوەنەی تر گۆمەكە قووڵ دەكاتەوە و كێشەكە گەورە دەكات و ئەگەری هەیە هەموو ئەو هەوڵانەی كە بۆ هێوركردنەوەی نێوان مەزەوەكان دەكرێ، لە گۆڕ بنێت.
ئەوەی تا ئێستە كراوە شەڕێكی ئاسان بووە، ئەمە بۆچوونی ئەو پەرلەمانتارەی مووسڵە، چونكە دەڵێ: ئەو شوێنانەی تا ئێستە ئازاد كراون، خەڵكی سڤیلی لێ نەبووە، بەڵام تەلەعفەر و مووسڵ ئاسان نییە چونكە هاووڵاتییان لە شوێنی خۆیانن.
هەروەها، شێخ جەواد تەلیباوی گوتەبێژی "عەسائیبی ئەهلی حەق"، ڕای گەیاند كە سەركردایەتی حەشدی شەعبی بە فەرمی داوای لێ كردووین كە ئەركی ئازادكردنەوەی شارەدێی تەلەعفەر بگرینە ئەستۆ.
عەسائیی ئەهلی حەق، بە یەكێك لە بەشە هەرە گرنگەكانی حەشدی شەعبی هەژمار دەكرێ و بە هێزێكی نیمچە فەرمی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ناسێنراون و لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵیان پێ دراوە.
رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.
لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.
رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانییان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.
مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.
سەرچاوە: فڕانس پرێس، شەرق ئەوسەت، ویكیپیدیا