لیستی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان: ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ داعش بوون ده‌بێ دادگایی بكرێن

:: PM:09:46:27/06/2017 ‌
لیستی برایەتی وپێکەوە ژیان باس له‌ دادگاییكردنی ئه‌وانه‌ ده‌كات كه‌ لەگەڵ داعش بوون نەک شوێنێکی تایبەتیان بۆ دیاری بکرێت.

سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت: پێشنیاری دیاریکردنی شوێنێک بۆ ئەوخێزانانەی لەگەڵ داعش بوون لەشوێنی خۆیدا نییە و رەتی دەکەینەوە، چونکە ئەمانە تاوانیان ئەنجامداوە و پێویستە دادگای بکرێن.

سەیدۆ چەتۆ بە 'وشە'ی راگەیاند:"ئەوپێشنیارەی کراوە کە لەسنوری پارێزگای مووسڵ شوێنێک بۆ ئەو خێزانانە دروست بکرێت کە لەگەڵ داعش بوون لەشوێنی خۆیدا نییە و ئێمە وەکو کوتلەی کوردی رەتی دەکەینەوە، چونکە پێویستە دەستگیربکرێن بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن، لەبەر ئەوەی ئەمانە تاوانیان ئەنجامداوە و ناکرێت لێیان خۆش بن و کەسوکارەکانیشیان دەکرێت بەشێوەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و ناکرێت شوێنیان بۆ دیاری بکرێت و رێزیان لێبگیرێت.

گوتیشی: خەڵکێکی زۆر لەموسڵ لەگەڵ داعش بووە، چونکە ئێستاش کە تەقینەوە دەکرێت بەڵگەیە کە شانەی نوستوو لەموسڵ ھێشتا ھەیە و ژمارەشیان زۆرە، کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر پارێزگای مووسڵ.

چەتۆ راشیگەیاند، بۆ ئەنجامدانی ئەوکارەش بۆ ئەوەی خێزانەکان لەگەڵ داعش بوون بدۆزرێنەوە کێشەیە،چونکە ناکرێت بەشێوەی ھەرەمەکی ئەوکارە بکرێت و پێویستە کەسانی تایبەت مەند بەوکارە ھەڵسن و لیژنە دروست بکرێن بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەوخێزانانە دیاری بکرێن کە دەستیان لەگەڵ داعش ھەبووە وناکرێت لێیان خۆش بن و پێویستە بدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەرگرن، نەک شوێنێکیان بۆ دیاری بکرێت بۆ ئەوەی لەڕووی دەرونیەوە بگەرێنەوە بۆ دۆخی جاران وخزمەتیان بکرێت ئەمە کارێکی لەجێی خۆیدا نییە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشنیاری ئەوە کراوە لەسنوری مووسڵ شوێنێک بۆ ئەو خێزانانە دروست بکرێت کە لەگەڵ داعشبوون و ھەموان لەوێ کۆبکرێنەوە، بۆ ئەوەی لەڕووی دەرونیەوە بگەرێنەوە بۆ دۆخی جاران، دواتر بێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگا بۆ ئەوەی زیانیان نەبێت بۆ خەڵکی دیکە، لەبەر ئەوەی ماوەی چەند ساڵێک لەگەڵ داعشبوونە بەتایبەت منداڵەکانیان.

بڵند ئیبراھیم


وشە - موحسین شابان