دیمەن زەندى: لە رێى سینەماوە مەینەتییەکان بە دنیا دەگەیەنم

:: AM:09:35:28/06/2017 ‌

سینەماکار دیمەن زەندى کە لە ساڵى 1990 لە شارى سنەى رۆژهەڵاتى کوردستان لە دایک بووە و ئێستە لە تاران دەژى. بەشدارى چەندان فیلمى سینەمایی کردووە کە دیارترینیان فیلمى سینەمایی "ڕەشەبا" بوو و تیایدا رۆڵى کچە ئێزیدییەک دەبینێت کە لەلایەن داعشەوە دەستدرێژى کراوەتە سەر. ئەو لە دیدارێکى "وشە"دا کار و بەرنامە هونەرییەکانى دەخاتە ڕوو.

وەک سەرەتایەک ئەگەر خۆت بناسێنی؟
من دیمەن محەمەد عەلى زەندى، کچى گۆرانیبێژى ڕۆژهەڵاتى کوردستانم، ئێستە لە یەکێک لە زانکۆکانى تاران لە بوارى دەرهێنەریى (director) دەخوێنم و پێشتریش لە مهاباد و ورمێ بەشى گەشتیاریم تەواو کردووە.

دەستپێکى کارە هونەرییەکانت بۆ کەى دەگەڕێتەوە؟
 پێش ئەوەى دەست بە کارى هونەرى بکەم، زۆر حەزم لە شانۆى منداڵ و بووک بوو کە ئەوکات تەمەنم زۆر بچووک بوو، دواتر لە ساڵى 2011 هاتمە ناو دنیاى هونەرەوە و لە ساڵى 2011 لە شانۆگەرییەوە دەستم پێ کرد تا ساڵى 2013، بەڵام لە ساڵى 2013دا یەکەم کارى وێنەگرى و سینەمام دەست پێ کرد و تا ئێستە بەشداریى چەندان دراما و فیلمى سینەماییم کردووە و چەندان ڕۆڵى جیاوازیشم بینیوە.

بەشداریت لە چەند شانۆگەرى و دراما و فیلمى سینەماییدا کردووە؟
بەشداریى پێنج شانۆم لە فێستیڤاڵى تاران کردووە، لە سێ دراما لە ورمێ بەشدار بووم، جگە لەوەش لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە شارى سنە کورتە فیلمێکم هەیە لە دەرهێنانی سۆران ئیبراهیم و لە شارى مهاباد کورتە فیلمێکى ترى سینەماییم هەیە لە دەرهێنانی شیلان سەعدى، هاوکات لە باشوورى کوردستان بەشدارى دوو فیلمى سینەماییم کردووە کە یەکیان لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین و ئەویتر بەناوی "ڕەشەبا" لە دەرهێنانى حوسێن حەسەن، لە هەمانکاتدا لە باکورى کوردستانیش لە شارى ماردین بەشدارى فیلمێکى سینەماییم کردووە لە دەرهێنانی شەهرام عەلیدى، لە ئەڵمانیا بەشدارى چەند فیلمێکم کردووە، سەرەڕاى ئەو کارانەشم دووجار کارى پێشکەشکارى تەلەڤزیۆنیم کردووە. 

لە فیلمى سینەمایی "ڕەشەبا" چ ڕۆڵێکتان هەبوو؟
لەم فیلمەدا ڕۆڵى سەرەکى کچە ئێزیدییەکم بینى کە چۆن دەکەوێتە دەست داعش و دەستدرێژى دەکرێتە سەر و بازرگانیى پێوە دەکەن، هەروەها  ئەو کچە لە ڕووى دەروونییەوە نەخۆشە بەهۆى ئەو کارە دڕندە و ناشیرینانەى کە داعش بەرامبەرى ئەنجام دابوون.

دیمەنى دەستدرێژییەکان لە فیلمەکەدا نەبوو؟
نەخێر دەرهێنەر ئەم وێنەیەى نەهێنایە ناو فیلمەکەوە، ئەگەر ئەم وێنەیەشى بهێنابایە ناو فیلمەکە من رەتم دەکردەوە، چونکە کەس بەو رۆڵانە نەبووەتە ئەکتەر، هەروەها ئەگەر بمەوێت بەشدارى لە فیلمێک یان درامایەک بکەم، سەرەتا دەبێت بزانم چ ڕۆڵێکم پێ دەدرێت، ئەگەر ڕۆڵەکەم بەدڵ نەبێت بەشدارى ناکەم، لە هەمانکاتدا منى سینەماکار بۆ ئەوە کار ناکەم خۆم بەناوبانگ بکەم، بەڵکو دەمەوێت بەشدارى لە سینەمایەک بکەم کە قسەى بۆ خەڵکى دنیا هەبێت و مەینەتییەکانى خەڵکى کوردستانیان نیشان بدەم و پێیان بڵێم چ ناخۆشییەک بەسەر میلەتەکەم هاتووە.

ئەم فیلمە لە چەند وڵات و لە چەند فێستیڤاڵدا نمایش کرا؟
فیلمى سینەمایی "ڕەشەبا" لە چەندان فێستیڤاڵى وڵاتان نمایش کرا، وەک فێستیڤاڵى تاران و دوبەى، هەروەها چەندان وڵاتى ترى ئاسیا و ئەوروپا و ئەمەریکا، ئەوەى زۆر دڵخۆشى کردم فێستیڤاڵى لۆس ئەنجلۆس بوو لە ئەمەریکا کە لەو  فێستیڤاڵەدا خەڵاتى باشترین کچە ئەکتەرم پێ بەخشرا، منیش ئەو خەڵاتەم پێشکەش بەهەموو کچان و ژنانى ئێزیدى کرد.

فیلمەکە لە کوێ وێنەى بۆ گیراوە؟
 ئەو فیلمە بەشێکى وێنەکانى لە لالش و بەشێکى ترى لە زومار گیراوە، هەروەها بەشە زۆرەکەى لە کەمپى ئێزیدییەکان لە شارى دهۆک وێنەى بۆ گیراوە.

جگە لە سینەما و دراما حەز بە چ بوارێکى ترى هونەرى دەکەیت؟
حەز بەهەموو بوارێکى هونەرى دەکەم، بەڵام لە هەمووان زیاتر حەز بە دەرهێنەریى و سینەماکارى و فیلمى دۆکیۆمێنتارى دەکەم، ئێستە خەریکى ئامادەکردنى فیلمێکى دۆکیۆمینتاریم کە تەواوم کرد، دەینێرم بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکاندا.

دەتەوێ لە ڕێى هونەرەکەتەوە بە کوێ بگەی؟
ئامانجم ئەوەیە لە ڕێى هونەرەکەمەوە بتوانم کار لەپێناو مرۆڤایەتى بکەم، هەروەها هونەرمەندێکى باش و سەرکەوتووبم لە بوارەکەى خۆمدا، لە هەمانکاتدا بتوانم مێژوویەک بۆ خۆم دروست بکەم و مردم وەک مامۆستا شێرکۆ بێکەس ناوم بە گەورەیی و درەوشاوەیی بمێنێتەوە.

ئێستە هیچ پڕۆژەیەکت لە بەردەستدایە، بە تایبەتى لە بوارى سینەما و درامادا؟
سەرقاڵى پڕۆڤەى شانۆگەرییەکم لە تاران، لەبارەى پڕۆژەى فیلمى سینەماییش چەندان کەس و دەرهێنەر داوایان لێ کردووم و قسەمان کردووە، بەڵام هێشتا لەگەڵیان ڕێک نەکەوتووم و جارێ هیچ دیار نییە، هەروەها لە دواى کورتە فیلمى "ڕەشەبا" زۆر کورتە فیلم و دراماى ترم بۆ پێشنیاز کراوە، بەڵام خۆم بەدواى نەچووم.



وشە/ محەمەد جەمال






وشە - تایبه‌ت