سلێمانی.. 887 ئافرەت تووشی شێرپەنجەی مەمك هاتوون

:: PM:03:50:29/10/2016 ‌

ئەمڕۆ شەموو سەنتەری نەخۆشییەكانی مەمكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانی لە كۆنفڕانسێكی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك، ئاماری تووشبووانی بەم جۆرەی شێرپەنجە لە شارەكە ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی سەنتەری نەخۆشییەكانی مەمك لە كۆنفڕانسەكە بڵاوی كردەوە، لە ماوەی نۆ ساڵی كاركردنی سەنتەرەكە، 105 هەزار و 75 كەس سەردانی سەنتەرەكەیان كردووە، لەو ژمارەیەدا 887 كەس تووشاری شێرپەنجەی مەمك بوون.

لەم كۆنفڕانسە هەریەك لە وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی تێیدا بەشدار بوون. بەوردی تیشك خرایە سەر چۆنیەتیی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لەم جۆرە نەخۆشییە.

رێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسەكەدا داوای لە دایكان كرد، كە بەردەوام سەردانی سەنتەری نەخۆشییەكانی مەمك بكەن و پشكنینی پێویست ئەنجام بدەن. هێمای بۆ ئەوەش كرد، هەرچەند ئاماری تووشبووان بەم جۆرە نەخۆشییە لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و دنیادا كەمترە، بەڵام پێویستە ئەو سەنتەرانە زیاد بكەین و تا خێراتر پشكنین بۆ ئافرەتان ئەنجام بدەن و رێگر بن لە تەشەنەسەندنی زیاتری نەخۆشییەكە.

نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمك لقێكە لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە بە تایبەت تووشی ئەو ئافرەتانە دەبێت كە تەمەنیان لە سەرووی 35 ساڵە، زیاتر 35%ی تووشبووانی ئەم جۆرە نەخۆشییە لە دەرئەنجامدا تووشی بڕینەوەی مەمك دەبن.

نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمك بریتین لە گۆڕانی شێوەی مەمك، دەركەوتنی پەڵەی سوور، دەردانی شلە و دروستبوونی زیپكەی سوور، لەكاتی تەشەنەسەندی نەخۆشییەكە، ئازار لە ماسولكەكان دروست دەبن و ئاوسانی لیمفە گرێكان و هەناسەسواری و زەردهەڵگەڕانی پێستی مەمكی لێ دەردەكەوێت، ئافرەتان زۆرتر لە پیاوان تووشی دەبن و هۆكارەكەشی بۆ قەڵەوی و ئەنجام نەدانی وەرزش و خواردنەوەی كهوول و بەركەوتنی تیشكی ئایوونی، گەشەكردنی پێشوەختەی ئافرەت، منداڵخستنەوە لە تەمەنێكی زۆردا،  پێنج تا 10%یشی بەهۆكاری بۆماوەیییەوە دەبێت.

بەگوێرەی ئاماری رێكخراوی تەندروستی جیهانی، لە ساڵی 2012 زیاتر لە ملیۆنێك و 680 هەزار حاڵەتی تووشبوو بەم جۆرەی شێرپەنجە تۆمار كراون، 522 هەزار كەسیش بەهۆی ئەو نەخۆشییە كۆچی دوایییان كردووە.


وشە - رامیار جەواد