میسی لە هاتنی یاریزانێكی نوێ بۆ بەرشەلۆنە ناڕازییە

:: AM:11:09:28/06/2017 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كرد كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ناڕازییە لە بیرۆكەیەكی بەرپرسانی یانەكەی بۆ گێڕانەوەی گیرارد دیۆلۆفۆی یاریزانی پێشووی یانەكەیان.

 دیۆلۆفۆ /23 ساڵ/ یەكێكە لە بەهرەمەندەكانی قوتابخانەی (لاماسیا) و پێشتر ماوەی 2 وەرز یاریی بۆ یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی كردبوو، لەنیو وەرزی رابردووش بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵییەوە كرد.

رۆژنامەكان ئاشكرایان كردبوو كە راهێنەرە نوێیەكەی یانەی بەرشەلۆنە ئێرنیستۆ ڤالڤێردی رەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی دیۆلۆفۆ بۆ یاریگەی كامپ نوو پێشانداوە، یانەكەشی لەبەرامبەر گەڕانەوەی ئەو یاریزانە لاوەی دەبێت بڕی 10.5 ملیۆن پاوەن خەرج بكات.

ئاماژەیان بەوەشدابوو كە میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە لە جیانی هەوڵەكانیان بۆ گێڕانەوەی دیۆلۆفۆ، هەوڵ بدەن گرێبەست لەگەڵ هیكتۆر بیلیرینی بەرگریكاری یانەی ئارسناڵ و ماركۆ ڤیراتی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بدەن.

جێی باسە دیۆلۆفۆ لە هاوینی 2014 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 4.5 ملیۆن پاوەن بوو لە یانەی بەرشەلۆنە پەیوەندی بە یانەی ئێڤەرتۆنەوە كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م