یانەیەكی گەورەی ئیسپانیا ئیبراهیمۆڤیچی دەوێ

:: AM:11:42:28/06/2017 ‌

زۆرێك لە سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كرد كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی گرینگی بە گرێبەستكردن لەگەڵ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەستێرەی سوێدی و هێرشبەری پێشووی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دەدات.

یەكێك لەو رۆژنامانە (سپۆرت)ی كەتەلۆنی بوو و بڵاوی كردووەتەوە كە بەرپرسانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دەیانەوێ لە سەری ساڵی نوێ و لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا ئیبراهیمۆڤیچ بهێننە ریزی یانەكەیانەوە.

یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بەهۆی سزاكانی فیفاوە ناتوانێ تا سەری ساڵ گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێكی نوێ ئیمزا بكات، هەروەها هێرشبەرەكەش تا ئەو وادەیە لە پێكانەكەی چاك نابێتەوە.

لەلایەكی ترەوە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە هەوڵی ئەوەشدایە دییگۆ كۆستای هێرشبەری پێشووی یانەكەی لە یانەی چێڵسی ئینگلیزی بگەڕێنێتەوە ریزی یانەكەی، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری یانەی پاڵەوانی خولی ئینگلتەڕا ئاشكرای كردبوو كە بۆ وەرزی داهاتوو پێویستی بە تواناكانی ئەو هێرشبەرە ئیسپانییە نەماوە.

بەڵام دییگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید پێیوایە گرێبەستكردنی یانەكەی لەگەڵ ئیبراهیمۆڤیچ كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ئاستی ئیسپانیا و جیهانیش دەبێت وەك ئەو كاریگەرییە گەورەیەی كە لە ساڵی 1997 بەهۆی هاتنی كریستیان ڤیێری هێرشبەری ناوداری ئیتاڵی لەسەر یانەكە دروست ببوو.

جێی باسە ئیبراهیمۆڤیچ پێش كۆتا هاتنی یارییەكانی وەرزی رابردوو و لە یارییەكی قۆناغی پێش كۆتای خولی ئەوروپا تووشی پێكانێكی قورس و پچڕانی ماسوولكەكانی چۆكی هات و بەو هۆیەوە ناتوانێ تا سەرەتای ساڵی داهاتوو َ یاریی بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م