له‌ سێ رۆژی جه‌ژندا 30 رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و خنكان له‌ دهۆك تۆمار كراوه‌

:: PM:12:24:28/06/2017 ‌

 لە هەر سێ رۆژى جەژنى رەمەزان 30 حاڵه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و خنكان له‌ ئاودا، له‌ سنووری پارێزگای دهۆك تۆمار كراوه‌ و به‌رپرسانی پۆلیس دووپات له‌ گیان له‌ ده‌ستدانی چه‌ند كه‌سێك به‌هۆی رووداوه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌.

بێوار عەبدولعەزیز بەرپرسى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى بەرگرى شارستانى دهۆک به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا، 30 رووداوی جیاجیا له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و خنكان له‌ ئاودا له‌ سنووری پارێزگای دهۆك تۆمار كراوه‌.

روونی كرده‌وه‌، به‌كۆی گشتی 25 حاڵه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پووش و پاوان، كارگه‌ و ئۆتۆمبێل تۆمار كراوه‌ كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ دوو كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و زیانی كۆی گشتی حاڵه‌ته‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ش به‌ سه‌رووی 38 ملیۆن دینار ده‌خه‌مڵێنرێت.

به‌گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی پۆلیس، له‌ ماوه‌ی رۆژانی جه‌ژندا، هاووڵاتییه‌ك له‌ سنووری پارێزگای دهۆك له‌ رووباردا خنكاوه‌ و تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی توانیویانه‌ گیانی هاووڵاتییه‌كی تر له‌ رووباری خازر و له‌ ژێر پردی ده‌لال له‌ زاخۆ رزگار بكه‌ن.


لەلایەکى ترەوە حەمزە رەزیکى بەرپرسى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى دهۆک بۆ "وشه‌" ئاماژه‌یدا، لە هەر سێ رۆژى جەژنى رەمەزان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک 204 منداڵ لە دایکبوون، لەوانە 108 کچ و ئەوانى تر کور بوون، هەروەها 18 کەسیش لە نەخۆشخانەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک گیانیان لەدەست داوە ، حەوت هەزار 829 کەس سەردانى بەڕێوەبەرایەتى و بنکە تەندروستییه‌کانى سنوورى پارێزگاكه‌یان کردووە کە بەشێکى زۆرى ئەو نەخۆشانە بریندارەکانى شەڕى موسڵ بوون.

لای خۆشییه‌وه‌ هێمن سلێمان بەرپرسى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پۆلیسى دهۆک بە "وشە"ى راگه‌یاند، پلانی پۆلیس بۆ كۆنترۆڵكردنی باری شاره‌كه‌ 100% سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌ هه‌ر سێ رۆژی جه‌ژندا هیچ حاڵه‌تێكی دزی و رفاندن و تاوانه‌كانی تر تۆمار نه‌كراوه‌.


دهۆک / نەوزاد هلۆرى
 


وشە - ڕێبین فه‌تاح