میوانە سەرەكییەكانی ئاهەنگی هاوسەرگیری میسی كێن؟

:: PM:01:16:28/06/2017 ‌

كۆمپانیایەكی رێكخەری ئاهەنگی هاوسەرگیری لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ژمارەی مێوانانی ئاهەنگەكەی ئاشكرا كرد.

بڕیارە دووسبەی هەینی ئاهەنگی هاوسەرگیری میسی لەگەڵ ئەنتۆنێلا رۆكەرزی دەزگیرانی لە شاری رۆزاریۆی ئەرجەنتین بەڕێوە بچێت.

ئاهەنگەكە لە باخچەی سیتی سەنتەری شاری رۆزاریۆ لە ئێوارەی رۆژی هەینی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.

كۆمپانیای (بوینتەر) كە رێكخەری وێنەی ئاهەنگەكە دەكات ئاشكرای كرد كە بەفەرمی 260 كەسایەتی بۆ ئامادەبوون لە ئاهەنگەكە داوت كراون.

كۆمپانیاكە ئاشكراشی كرد كە چاوەڕوان دەكرێ زۆربەی مێوانەكان لە رۆژی هەینی بگەنە شاری رۆزاریۆ و لە هۆتێلی بۆلمان بمێننەوە كە میسی پێشتر بۆیانی گرتووە.

چاوەڕوان دەكرێ بەشی زۆری مێوانەكان هاوڕێ نزیكەكانی میسی بن لەگەڵ خزم و دۆستانی خۆی و ئەنتۆنیلا.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی نوێترین زانیاری لەسەر ئاهەنگەكەی میسی بڵاو كردبووەوە كە بڕیارە دوای دوو رۆژی تر لە شاری رۆزاریۆ بێتە ئەنجامدان.

میسی 250 ژووری بۆ سەرجەم میوانەكانی لە هۆتێلەكە گرتووە، تا ئێستاش ناوی هیچ كەسێك لە میوانەكانی ئاهەنگەكە ئاشكرا نەكراوە تەنیا 21 یاریزانە سەرەكییەكەی تیپی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە نەبێت.

چاوەڕوان دەكرێ بەشێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و راهێنەرانی یانەی بەرشەلۆنە ئامادەی ئاهەنگەكەبن ئەویش نەك هەموویان بەهۆی ئەوەی میسی كێشەی لەگەڵ بەشێكیاندا هەیە، لەنێو ئەو كەسانەی كە داوەتنامەیان پێ نەگەیشتووە لویس ئێنریكی راهێنەری پێشوو و خوان ئۆنزۆر یاریدەری یانەكە هەن لەگەڵ چەند ئەندامێكی دەستەی راهێنەران.

یەكێك لە ئامادەبووە سەرەكییەكانی ئاهەنگەكە كە لە ریزی یانەی بەرشەلۆنەدا نییە، برێتییە لە سێرجیۆ ئەگوێڕۆی ئەستێرەی یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی كە هاوڕێی منداڵی و هاوتیپە لەگەڵ میسی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، جگە لەوەش دەزگیرانەكەی ئەو یاریزانە لە ئاهەنگەكەدا گۆرانی دەڵێت.

ئەو تیپە موزیكییەی كە ئاهەنگەی میسی گەرم و گوڕتر دەكەن ئۆرگوایین بەناوی تیپی موزیكی (رۆمپای) ئەویش لەسەر داوای لویس سوارێزی هاوڕێی بووە لە یانەی بەرشەلۆنە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م