پێکهاتەکانى ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و دیالە لەگەڵ سەربەخۆیین

:: PM:01:17:28/06/2017 ‌


ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی یەکەی کارگێڕیی هەرێم لە سنووری پارێزگای کەرکووک و دیالە، لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانن و ژمارەیەک تورکمانیش هەوڵێکیان دەست پێ کردووە بۆ رازیکردنی ئەوانەی تا ئێستە تێگەیشتنیان نییە بۆ پرسەکە.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە کۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و حکوومەتی هەرێم و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەک رۆژی ریفراندۆمی کوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری کرد. خەڵکی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاک و کۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.

عیرفان کەرکووکی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، وەک تورکمان دووپات لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەکەینەوە و بەشداری کارا دەکەین،  لە ئێستەوە دەستمان بە ئامادەکاری و کارکردن کردووە تا ڕیفراندۆم بە سەرکەوتوویی لە کەرکووک و ناوچەکانی تر ئەنجام بدرێ.

بەگوتەی کەرکووکی، ریفراندۆم بۆ تورکمان زۆر چارەنووسسازە و زیاتر بە مافە ڕەواکانیان دەگەیەنێ و دڵنیایی دەدات، "ئاوات و ئامانجیشمانە کوردستان سەربەخۆ بێت، ئەمە بۆ نەوەکانی گەلی تورکمان و داهاتووی گەلەکەمان زۆر پرشنگدار و چارەنووسسازە".

ئەو کەسایەتییە سیاسییە تورکمانە پڕٍۆژەیەکی دەست پێ کردووە بۆ رازیکردنی ئەو تورکمانانەی تا ئێستە تێگەیشتنیان نییە بۆ ریفراندۆم و دەڵێ، "سەردانی هەموو کەسایەتییە بێلایەن و کاریگەرەکان و حزب و کۆمەڵەکانی تورکمان دەکەین، لە ڕێی کۆڕ و سیمینارەوە خەڵکی خۆمان هان دەدەین پێشوازی لە ڕیفراندۆم بکەن بۆ سەربەخۆیی کوردستان، چونکە پێمان وایە ماف و داهاتوو و چارەنووسی ئێمە بە خاکی کوردستانی بەستراوەتەوە".

"لە دوای 2003ەوە حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراقمان ئەزموون کردن و بینیمان، تورکمان هیچ مافێکی لە بەغدا بۆ دەستەبەر نەکراوە و وەک نەتەوەیەکیش حیسابمان بۆ ناکەن، بەڵام لە کوردستان دووەم نەتەوەین و هەموو مافێکمان هەیە، لە ئەرک و مافەکان بەشدارین، لە حکوومەت و پەرلەمان حیسابمان بۆ دەکرێ، زیاتر ماف بە تورکمان دراوە و دەتوانین ڕۆڵ ببینین و کار بکەین بۆ گەلی خۆمان و گەلی کوردستان بە گشتی". عیرفان کەرکووکی وای گوت. 

یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی ریفراندۆم، ناوچەکانی کێشە لەسەرە کە لە 2014ەوە داعش بەشێکیانی داگیر کرد و پێشمەرگە ئازادی کردنەوە. ئەو ناوچانە دەبوو تا 2007 چارەنووسیان یەکلا بکرێتەوە، بەڵام نەکراوە. کورد دەڵێ "خوێنی پێشمەرگە مادەی 140ی جێبەجێ کرد"، بەڵام ریفراندۆم لایەنی یاسایی ئەو خواستە پڕ دەکاتەوە.

ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەشێک ناوچەکانی سنووری پارێزگای دیالە و خورماتوو دەکەونە سنووری چالاکی سیاسیی ئەوەوە، بۆ "وشە" ئەوەی ئاشکرا کرد، "ناوچەکانی جاران کێشە لەسەر بوو، ئێستە لەڕووی کردارییەوە پێشمەرگە دەیانپارێزی و هەرێمی کوردستان باڵادەستە لەسەریان، بۆیە تەنیا پێویستە ڕێوشوێنی جێبەجێکردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم لەو ناوچانەش بگیرێتە بەر".

ساڵح بۆ ئەو رێوشوێنە چەند بیرۆکەیەکی گەڵاڵە کردووە، "کارەکە بە چەند هەنگاوێک دەکرێ، کوردستانیش بڕیاری داوە بەشداری ریفراندۆم بکات، بۆ ئەوەی پرۆسەکە تەواو بکرێت یان دەبێ لەگەڵ بەغدا دانوستاندن بکەین تا لەو ناوچانە ڕیفراندۆم بکرێ، چونکە بەغدا پابەند نەبووە بە مادەی 140ی دەستوور، ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەنجوومەنی شارۆکە و شارەدێکان کە زۆرینەی کوردن لەو شار و شارۆکانە، داوا بکەن و بڕیار بدەن بەشداری ڕیفراندۆم لەگەڵ کوردستان بکەن، چونکە بەپێی سەردانی مەیدانی و بەدواداچوونی ئێمە، دانیشتوانی ناوچەکان حەز دەکەن بە کوردستانەوە بلکێن بە یەکجاری".

ئەو سەرکردەیەی پارتی دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو ناوچانە لەڕووی مێژوویی و جیۆگرافییەوە خاکی کوردستانن و پێشمەرگە دەیانپارێزێت، ئاشکرای دەکات "پرۆسەکە بێ کێشە بەڕێوە دەچێت لە کۆی ناوچە کوردستانییەکان، تەنیا لە شارۆکەی خورماتوو گرفت هەیە، بەهۆی حەشدی شەعبی و بیری مەزەوی هەندێک لە دانیشتوانی، ئەوانیش دەکرێ رازی بکرێن و گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێ، گرنگ ئەوەیە لیژنەی باڵای ریفراندۆم دەستبەکار بێت و کارەکان بە کرداری دەست پێ بکەین".

زەقترین کێشە لە مێژووی نوێی کورددا لە نێوان کوردستان – عێراق، کەرکووکە، ئەو شارە ئێستە بەڕێوەبەرایەتییە کارگێڕییە سیاسیی و سەربازییەکەی لە دەستی کورد، بەڵام لە فەرمانبەردا کورد کەمینەیە، بۆیە ناوچەی فۆکس لەسەری ریفراندۆم دەبێت بە کەرکووک.

محەمەد خورشید بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە"وشە"ی ڕاگەیاند، کوردستانییانی کەرکووک لەگەڵ ئەوەدان بەشداری ڕیفراندۆم بکەن و خۆڕسکانە خەڵکی کەرکووک هانی هەموو لایەک دەدەن پشتیوانی ڕیفراندۆم بکەن، لەو بڕوایەداین گرفتی کەرکووک چارەسەر نابێ تەنیا بە گەڕانەوەی بۆ کوردستان و دەوڵەتی داهاتوو نەبێ، ئەمە ڕای زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کەرکووکە، ئێمەش وەک لایەنە سیاسییەکان لە 24ی نیسان/ئەپریل کۆ بووینەوە و هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک دووپاتمان کردەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی یەکەی کارگێڕیی هەرێمی کوردستان بەشێک بن لە ڕاپرسییەکە".

خورشید ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئێستە شاندێکی هاوبەشی حزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک دروست بووە و سەردانی لایەنەکانی تر دەکەن تا ئەوانیش پشتیوانی لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بکەن و دڵنیایییان پێ دەدەین داهاتوویان باشتر دەبێ، بەڵام شاندەکە تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان خۆی لێ کێشاوەتەوە و ئامادە نییە بەشداری شاندی حزبە کوردستانییەکان بکەن.

"لە دوای پرۆسەی ئازادکردنەوەی عێراقەوە تا ئێستە هەر حکوومەتێک لە بەغدا دەسەڵاتی وەرگرتبێ، بەهەموو شێوەیەک هەوڵی داوە ستەم لە خەڵکی کەرکووک بکات، بودجە و پارەی پترۆدۆلار و مینحەی کەرکووک لە 2014ەوە ڕاگیران، دامەزراندن بۆ خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک ناکات و عەرەبی باشوور و ناوەڕاست لە فەرمانگەکان دادەمەزرێنێ و دەیانسەپێنێت، ئەمانە شتی زۆر دیارن و هەموو کەرکووکییەکان بەڕوونی لەبەرچاویانە و دەیبینن". خورشید وای گوت.

 ئەو سەرکردەیەی پارتی زیاتر وردەکاری و داتای خستە ڕوو، "لە کۆمپانیای نەوتی باکور دوای 14 ساڵ ڕزگاربوونی کەرکووک لە دەستی ڕژێمی بەعس، تا ئێستە یەک کەسی کەرکووکی نەبووەتە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە و ژمارەی دامەزراوانی کوردستان لە نێو کۆمپانیای نەوتی باکور هەزار و 498 کەسە لە کۆی 15 هەزار کارمەند کوردن، ئەمەش لە کاتێکدایە ڕێژەی عەرەب لە کۆمپانیاکە حەوت هەزار و 639 کارمەندە و هی تورکمان سێ هەزار و 17 کارمەند، 172 کارمەندیش لە برا مەسیحییەکانن. بەگشتی سەرووی 10 هەزار کەسی عەرەب و تورکمانە و تەنیا هەزار و 498 کەسی کوردە. ئەمە ستەم و زیانێکی گەورەیە بەرامبەر بە خەڵکی کەرکووک، تەنانەت لە پەروەردەی کەرکووک لەناو حەوت هەزار مامۆستا، 900 مامۆستای کوردن".

وشە/ باز ئەحمەد




وشە - تایبه‌ت