ئایفۆنی داهاتوو...خۆكارانە لە خەو بە ئاگاتان دێنێتەوە


كۆمپانیای ئەپلی ئەمەریكی لە پلان و بەرنامەیدایە لە ڤێرژنەكانی داهاتووی ئایفۆن دا، تایبەتمەندی وردتر و بەهێزتر بۆ ڕێكخستنی كاتەكانی خەوتنی مرۆڤ بخاتە ڕوو، بە جۆرێك ئەگەر مرۆڤ خەوی لێ كەوتبێ و لەكاتی چوونە سەر كاری بە ئاگا نەیەتەوە، ئەوا ئایفۆنەكە ڕاستەوخۆ بێ ئەوەی پێشتر كاتی زەنگدانانت دیاریی كرد بێ، خۆی دەست بە زەنگ لێدان دەكات تا بە ئاگات دێنێتەوە.

بە گوێرەی زانیاریییە بڵاوكراوەكان، ئێستە كۆمپانیای ئەپڵ خەریكی پلان و بەرنامەی ستراتیجی وردە بۆ ڤێرژنەكانی داهاتووی ئایفۆن، دەیەوێ تایبەتمەندی بە ئاگاهێنانەوەی خۆكارانە "ئۆتۆماتیكی" و بێ ئەوەی تەوقیت كرا بێت، بخاتە نێو ئایفۆنەوە.

ئەو سیستەمە خۆكارانەی بەئاگاهێنانەوە لە كاتی خەوتن دەبێتە هۆی ئەوەی بەكارهێنەرانی ئایفۆن خەوی باشیان هەبێ، چونكە سیستەمەكە كاتی پێویستی خەوتن دەزانێ و تا گەیشتن بە هەشت سەعاتی خەوتن زەنگ لێ نادات و بەئاگاتان ناهێنێتەوە، ئەمەش وا دەكات بەو ئاستەی شارەزایانی پزیشكی بۆ مرۆڤیان داناوە، بخەون.

ئەو سیستەمەی كە ئەپڵ بەنیازە بیخاتە نێو ڤێرژنەكانی داهاتووی ئایفۆن ناوی "ئۆسپتۆ"یە و بە شێوەیەكی خۆكارانە زەنگ و ئاماژە و هێماتان بۆ دەردەبڕێ، تا كاتەكانتان بە وردی ڕێك بخەن و سوودی زیاتر لە كات وەربگرن، سیستەمەكە پشت بە ئامێرێكی ئاماژە و هێمای بایۆمەتری دەبەستێ، داتاكان خۆكارانە لەبارەی سروشتی ژیانی كەسەكە كۆ دەكاتەوە و دواتریش خشتەیەكی خۆكارانەی خەوتنی بۆ دیاریی دەكات، لەو كاتەی پێویستە بخەون زەنگ لێ دەدا و لەوكاتەش كە پێویستە لە خەو هەستن دەست بە زەنگ لێدان دەكاتەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:01:52:28/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 6169 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌