شانە نووستووەكانی داعش لە سێ وڵات گیران

:: PM:02:00:28/06/2017 ‌

پۆلیس و هێزە تەناهییەكان و هەواڵگری بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا و ئاژانسەكانی تەناهی ئەوروپا توانیان شانەیەكی نووستووی تیرۆریستانی داعش لە ئیستپانیا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بگرن، دوای ئەوەی یەكێك لە تیرۆریستەكان لە ئیسپانیا گیرا و زانیاری لەسەر ئەندامانی تر ئاشكرا كرد و هەوڵیداوە خەڵك بۆ تیرۆریستانی داعش كێش بكات.

لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا هاتووە، هەڵمەتەكە سەرەتا لە ئەنجامدانی چەند گرووپێكی گەشتیاری چڕ لە دوورگەی مایۆركا دەستی پێ كرد و توانرا كەسێكی هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانیا بە تۆمەتی تیرۆر بگیرێت.

هاوكات پۆلیسی بەریتانیا ئاشكرای كرد، پیاوێكی ئاینی تەمەن 44 ساڵیان لە شاری بێرمنگهامی ڕۆژئاوای بەریتانیا گرتووە، كە یەكێكە لە بەناوبانگترین توندڕەوەكانی بەریتانیا.

ئەو هەماهەنگییەی هەر سێ وڵاتەكە لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی گرتەیەگی ڤیدیۆییدا هات كە لە ساڵی 2015 گەنجێكی ئیسپانی بڵاوی كردەوە و تێیدا داوای چوونی خەڵكی مسوڵمانی ئەو وڵاتانەی دەكرد بۆ چوونە ڕیزی داعش لە عێراق و سووریا.

بۆیە لە هەڵمەتێكی چڕدا هەواڵگری و پۆلیس و دژە تیرۆری ئیسپانیا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئاژانسەكانی تەناهی یەكێتی ئەوروپا توانیان ئەو شانە نووستووەی داعش كە لە شەش كەس پێكهاتبوو، بگرن.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د