کوردانى سوریا پلانێکیان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەى نەخشەى باکوورى سوریا ڕاگەیاند، بە بەستنەوەى هەرێمى ڕۆژئاڤاى کوردى بە دەریاى سپى ناوەڕاستەوە، ئەم هەنگاوەش دەبێتە مایەى توڕەبوونى تورکیاى دراوسێ.
هێمایەکى ترى باوەڕ بەخۆبوونى کورد لە باکوورى سوریا ئەوەیە کە بەرپرسەکانیان بەنیازن داواى پشتیوانییەکى سیاسیى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بکەن تا دەروازەیەکى بازرگانى تا سەر دەریاى سپى ناوەڕاست دابمەزرێنن، وەک بەشێک لە ڕێکەوتنێک بەرامبەر ئازاد کردنى ڕەقە و ئەو شارانەى تر کە لەژێر کۆنتڕۆلى دەوڵەتى ئیسلامیدان (داعش).
هێزەکانى سوریاى دیموکرات ٥٠ هەزار جەنگاوەى هەیە ، کە میلیشیاکانى کوردەکانى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) بەسەریدا زاڵە و شەریکێکى گرنگى ئەمریکایە لە بەرەنگاربوونەوەى داعشدا ، ئێستا خۆى ئامادە دەکات بۆ کۆنتڕۆلکردنى ڕەقە ، دواتریش چوون بۆ ناوجەرگەى ناوچە عەرەبنشینەکان بە درێژایى دۆڵى فورات ، تا ستاندنەوەنى شارى دێرەزور لە گروپە توندڕۆکە.
لە پێشهاتێکى سەرسووڕهێنەرى تردا، بەرپرسێک ئاشکراى کرد ، کە رەنگە هێزەکانى سوریاى دیموکرات بەرەو ڕۆژئاوا بچن بۆ ئازادکردنى شارى ئیدلب ، کە دەکەوێتە ڕۆژئاواى ڕەقە و ١٧٠ کیلۆمەترى لێ دوورە و ئێستاکە هاوپەیانییەتێکى ئیسلامى – جیهادى (بە بەرەى نوسڕەشەوە) کۆنتڕۆلى کردووە.
هێدیا یوسفى بەرپرسى پرۆژەى فیدرالیزمى "یەکێتى دیموکراتى باکوورى سوریا" – ى خاوەن ئۆتۆنۆمى کە لە ناوچەى ڕۆژئاواوە بۆ ناو خاکى ناوچە عەرەبییەکانەوە پەلى هاویشتوە دەڵێت: " گەیشتن بە کەنار دەریا خواستى لایەنە بەشدارەکان بوو لە ململانێى سوریادا" . هەروەها دواى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر یەپەگە – ٢٠ شەڕڤان گیانى لەدەستدا – هێدیا یوسف لە شارۆچکەى مالکییەى سورى گووتى : " دەکرێ هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە ناوچەیەکى فراوانى سوریا بڵاوەیان پێبکرێت بە مەبەستى کۆمەککردن بۆ پاراستنى ئەمن وئاسایشى وڵات ". هێزەکانى سوریاى دیموکرات گەرەکییەتى باکوورى سوریا لە داعش و بەرەى نەسڕە و ئەوانەى سەر بەوانن لە دیرەزوور و ئیدلب و ناوچەکانى کەنار دەریا پاک کاتەوە و ببێتە بەشێک لە سوریایەکى فیدرالى یەکگرتوو. کردنەوەى دەروازەیەکى بازرگانى نێودەوڵەتى بەڕووى ناوچەکە لە باکوورى سوریا، دەبێنە مایەى شکاندنى ئەو ئابڵوقەیەى بەسەر ڕۆژئاوا سەپێندراوە بە هۆى داخستنى سنوور لەگەڵ تورکیا و گرژییەکان لەگەڵ عێراق. بەڵام ئەم پلانانە تورکیا توڕە دەکات ، بۆیەش بەشێک لە خاکى سوریاى داگیر کرد تاکو رێگە لە کوردەکان بگرێت نەبادا دەستبەسەر تەواوى سنوورى تورکیا – سوریادا بگرن.
کێ لە باکوورى سوریا باڵادەستە؟
دواى بۆردومانى ئم دواییەى بارەگاکانى یەپەگە لەلایەن فرۆکەکانى تورکیاوە ، سەدان سەربازى ئەمریکى بە رۆژئاوادا پەڕینەوە سەرسنوورى تورکیا ئەمەش خۆنیشاندانێکى سەرنجڕاکێش بوو بۆ پشتیوانى کوردەکان و بووە مایەى گرژى لە نێوان واشنتۆن و ئەنکەرە.
دەریاى سپى ناوەڕست ١٠٠ کیلۆمەتر لە دوا سنوورى ناوچەى کۆنتڕۆلکراو لە لایەن کوردەکانەوە دوورە، پلانەکەش پێویستى بە رێککەوتنێکە لەگەڵ رژێمى سوریا، هەرچەندە پارتى یەکێتى دیموکراتى و بەشار ئەسەدى سەرۆکى سوریا دەتوانن لەسەر ئەم پرسە مامەلەیەک بکەن لەشێوەى فڕۆکەخانەى قامشلى کە دەکەوێتە قوڵایى خاکى کوردان و تا ئێستاش لە ژێر کۆنتڕۆلى سوپاى سوریادایە.
هەر رێککەوتنێک لەمبارەیەوە پێویستى بە ڕەزامەندى ڕووسیاى هاوپەیمانى بەهێزى بەشار ئەسەدیش هەیە، کە بەم دواییە هەندێک هێزى ناردە ناوچە کوردییەکانى ژێر دەسەڵاتى یەپەگە.
بە کۆنتڕۆلکردنى ڕەقە و دێرەزوور بە درێژیاى زێى فورات لە لایەن هێزەکانى سوریاى دیموکراتەوە ، ناوچەى فیدرالى باکوورى سوریا نزیکەى ٣٣% خاکى سوریا پێک دێنێت لە کاتێکدا فیدڕالى ڕۆژئاوا تەنیا ١٦ % - ى خاکى سوریا پێک دێنێت.
هێدیا یوسف دەڵێ : " دانیشتوانى ڕەقە لە ڕاپرسییەکدا خۆیان بڕیار دەدەن ئایا دەیانەوێت هێزەکانى سوریاى دیموکرات کە میلیشیاى عەرەبى و مەسیحى ئاشورى لەخۆى گرتووە ، دواى تێکشکاندنى داعش حکومەتێک پێک بهێنێت". هەروەها گووتى : "خەڵکى دێرەزوور و ڕەقە پێشوازى لە هاتنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات دەکەن ، لە ڕاستیدا ئەم هێزە لە خەڵکى ئەم ناوچانە پێکهاتووە". وا پێدەچێت ئەم هێزە لە ڕەقە جێگیر بێت، چاودێرکان ژمارەک ئەفسەرى پۆلیسى کورد و عەرەبیان لە شارۆچکەى مەبڕوکەى سورى بینیوە ، سەرگەرمى مەشق بووینە بۆ ئەوەى لە شارى ڕەقە دەستبەکار بن. سەرچاوەکان دەڵێن دواى ئازادکردنى ڕەقە – گەورەترین پێگەى داعش لە سوریا – هێزەکانى سوریاى دیموکرات نزیکەى ١٠ کیلۆمەتر لە دێرەزوورەوە دوور دەبن و لەلاشەوە دەگەنە دەورووبەرى ئیدلب کە ٥٥ کیلۆمەتر لە دەریاى سپییەوە دوورە.
هێدیا یوسف دەڵێ: "هەر هێرشێک بە رووداوەکانەوە پەیوەستە و دواى ئەوەى باکورى رۆژهەڵاتى سوریامان لە تیرۆرستان پاککردەوە ، ڕەنگە بەرەو باکوورى ڕۆژئاواى سوریا بچین تاکو ئیدلبیش کە لە لایەن بەرەى نوسڕەى تیرۆریست داگیرکراوە ، ئازاد بکەین".
وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا گوتى، پێویستە داهاتوى سوریا خودى سورییەکان دیارى بکەن. هەڵویستى پێشووى ئەمریکاشى دووپاتیکردەوە کە داننانێت بە "هیچ ناوچەیەکى ئۆتۆنۆمى یان نیمچە ئۆتۆنۆمى".
وەرگێڕان و ئامادەکردنى: د. شەماڵ حەوێزى
سهرچاوه: ڕۆژنامەى گاردیان