نهێنی سەردانی مالیكی بۆ ڕووسیا ئاشكرا بوو

:: PM:03:18:28/06/2017 ‌

دوێنێ سێشەم میدیاكان لە زاری سەرچاوە سیاسییەكان و نووسینگەی مالیكییەوە بڵاویان كردەوە، كە مانگی داهاتوو "تەمووز/یۆلیۆ" نووری مالیكی جێگری سەركۆماری عێراق سەردانی ڕووسیا دەكات و بەرپرسانی عێراقیش دیوە شاراوە و نهێنی سەردانی مالیكی بۆ مۆسكۆ ئاشكرا دەكەن.

سەرچاوەیەكی سیاسی لە بەغدا ئاشكرای كرد، هۆكاری سەرەكی سەردانی مالیكی بۆ ڕووسیا بۆ كاراكردنی ڕێككەوتنەكانە كە لە سەردەمی حكوومەتی مالیكی لە نێوان هەردوو وڵات واژوو كرا بوون، دیوە شاراوەكەی سەردانەكەش ئەوەیە كە مالیكی دەیەوێ داوای پشتیوانی لە ڕووسیا بكات، تا چەك بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بدەن.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردەوە، مالیكی دەیەوێ خۆی وەك سەركردەی یەكەمی حەشدی شەعبی پێشان بدات، بۆیە كار بۆ دابین كردنی پشتیوانی ڕووسیا بۆ میلیشیاكان و هەماهەنگی و دانپێدانانی ڕووسیا بە میلیشیاكان دەكات، تا لەو ڕێگەوە ڕووسیا چەك و پشتیوانی سەربازی بۆ میلیشیاكان بنێرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، كە بەر لەوەی بەرەو مۆسكۆ بڕوات، مالیكی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە عێراق كۆ دەبێتەوە، تا تارانیش لە هەوڵەكانی بۆ پشتیوانی كردنی ڕووسیا لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئاگەدار بكاتەوە و ئێرانیش لە ڕێی پێوەندییەكانی لەگەڵ ڕووسیا كار بكەن، تا داواكانی مالیكی لە مۆسكۆ ڕەت نەكرێنەوە و پشتیوانی مۆسكۆ بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی مسۆگەر بكات.

داواكردنی مالیكی بۆ پێدانی چەك و كەلوپەلی سەربازی بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كاتێكدایە، هێزەكانی عێراق ئاشكرایان كردووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوو مووسڵ بە تەواوی لە تیرۆریستان پاك دەكەنەوە و داعش لە عێراق تەنیا حەویجەی بە دەستەوە دەمێنێت، شەڕ و ئاڵۆزی لەگەڵ تیرۆریستان ڕوو لە نەمان و ئارامی بۆ عێراق دەگەڕێتەوە.





وشە - باز ئه‌حمه‌د