كوردستان دەبێتە یەكێك لە هەناردەكارانی نەوت بۆ ئەمەریكا

:: PM:05:06:28/06/2017 ‌

لە مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری ڕابردوو،  وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی هەناردەكارانی نەوتی جیهان/ئۆپێك كۆبوونەوە و گەیشتنە ڕێككەوتن بۆ كەم كردنەوەی بڕی هەناردەی نەوت بە ئامانجی بەرزكردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، بە جێبەجێ كردنی ئەو ڕێككەوتنە سعوودیە ڕۆژانە 585 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی كەم كردووەتەوە، كە تەنیا لە هەناردەكردنی بۆ ئەمەریكا بڕی 300 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە كەم كراوەتەوە، ئەمەریكاش بۆ پڕكردنەوەی ئەم كەمكردنەوەیەی نەوتی سعوودیە پشت بە نەوتی كوردستان دەبەستێت.

ڕۆژی 19ی ئەم مانگە حوزەیران/یۆنیۆ كەشتی نەوتهەڵگری ئیتاڵی "نیڤەرلاند" دوای باركردنی 650 هەزار بەرمیل نەوتی كوردستان كەناراوەكانی بەنداوی جەیهانی توركیای بەرەو كەناراوەكانی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریكا بەجێهێشت، لەبارەی ڕۆیشتنی نەوتی كوردستان بۆ ئەمەریكا میدیاكان بڵاویان كردەوە، كە بەغدا سكاڵا لەسەر ئەو نەوتە تۆمار دەكات و ڕێگە نادات بە ئەمەریكا بگات، بەڵام میدیاكانی ڕۆژئاوا ئاماژە بەوە دەكەن، هەم كوردستان و هەم ئەمەریكاش ئەگەر سوور نەبن لەسەر گەیشتنی ئەو نەوتەی كوردستان بۆ ئەمەریكا، ئەم ڕیسكە ناكەن و هەمان ئەزموونی كەشتییەكەی ساڵی 2014 دووبارە ناكەنەوە كە ماوەی دوو مانگ لە ئاوەكانی زەریای ئەتڵەسی مایەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە پێگەی "ئەلیەوم سابع" بڵاوكراونەتەوە، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك و ڕووسیا هەمووان ڕێككەوتن ڕۆژانە 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكراو بۆ بازاڕەكانی جیهان كەم بكەنەوە، بەو ئامانجی نرخی نەوت بەرز بكەنەوە، كە زۆربەیان بەهۆی كەم بوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان تووشی كورتهێنان و كێشەی دارایی بوونەتەوە، لەو نێوەندەدا سعوودیە بڕی 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بۆ ئەمەریكا كەم كردووەتەوە كە ساڵانی پێشتر ڕۆژانە بڕی ملیۆنێك و 494 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمەریكا دەكرد و دووەم دابینكەری نەوتی سعوودیە بوو دوای كەنەدا كە ڕۆژانە 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمەریكا دەكات.

دوای ئەو ڕێككەوتنە كەنەداش پابەندە بە ڕێككەوتنەكەی ئۆپێك و كەمێك لە نەوتی خۆی ئەمەریكا كەم كردووەتەوە و وڵاتانی تری هەناردەكاری نەوتیش سەرجەمیان پابەندبوونی خۆیان بە ڕێككەوتنی ئۆپێك دووپات كردووەتەوە و لەو نێوەندەدا هەرێمی كوردستان مانگانە 650 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات و دەوڵەت نییە و ئەندامی ئۆپێكیش نییە تا پابەند بێ بەو ڕێككەوتنەوە، بۆیە باشترین دابینكەری ئەو كەم كردنەوانەی بڕی نەوتی هەناردەكراو بۆ ئەمەریكا دەبێ، بە تایبەت كە لەو بڕەی سعوودیە و كەنەدا كەمیان كردووەتەوە.

ئەمەریكا و پێویستی نەوت
بەهۆی ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، یەكێكە لە وڵاتە پیشەسازییە هەرە پێشكەوتووەكانی دنیا و پێویستی زۆری بە سەرچاوەی وزەیە بەتایبەت نەوت، بۆیە ڕۆژانە ئەمەریكا نزیكەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەكڕێ و هاوردەی وڵاتەكەی دەكات.

لەو ڕێژەیە كەنەدا زۆرترین بڕی نەوت بۆ ئەمەریكا دابین دەكات و لە شەش مانگدا 701 ملیۆن بەرمیل و سعوودیە 183 ملیۆن بەرمیلیان بە ئەمەریكا داوە و ریزبەندی یەكەم و دووەمی هەناردەكارانی نەوتیان بۆ ئەمەریكا گرتووە، دوای ئەوان ڤەنزوێلا و مەكسیك و كۆڵۆمبیا و ڕووسیا و ئیكوادۆر و عێراق و بەڕازیل دێن، ماڵپەڕی "خەلیج ئۆنلاین" بڵاوی كردووەتەوە، كە بەهۆی ڕێككەوتنی ئۆپێك سعوودیە ڕۆژانە بڕی 585 هەزار بەرمیل نەوتی كەم كردووەتەوە و لەو ڕێژەیەش 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەناردەكردن بۆ ئەمەریكا كەم كراوەتەوە.

ئەمەریكا ناتوانێ كارگە و پیشەسازییە پێشكەوتووەكانی بوەستێنێت، بۆیە كە سعوودیە بڕی هەناردەكردنی نەوتی كەم كردووەتەوە، ناچارە بە دوای سەرچاوەی تر بگەڕێت، بۆیە نەوتی كوردستان باشترین بژاردەی ئەمەریكایە.

كوردستان لەجیاتی سعوودیە نەوتی ئەمەریكا دابین دەكات
ماڵپەڕی "oil Price"ی ئەمەریكی ئاماژەی بەوەداوە، كوردستان چاوی لەوەیە ئەو بەشە نەوتەی سعوودیە لە هەناردەكردنی بۆ ئەمەریكا كەمی كردووەتەوە، دابینی بكات و ئەویش ببێتە یەكێك لە هەناردەكارانی نەوت بۆ ئەمریكا.

پێگەكە نووسیویەتی، ئەم كارە دەبێتە هۆی پشتیوانییەكی بەهێز و گرنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، لەوكاتەی كوردەكان بڕیاریان داوە لە مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی خۆیان و كۆتاییهێنان بە مانەوە لەگەڵ عێراق ئەنجام بدەن.

لە بەشێكی تردا هاتووە، كوردستان ڕۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ناردنی نەوت بۆ ئەمەریكا هەم دەبێتە هۆی سەربەخۆبوونێكی تەواوی ئابووری كوردستان، هەمیش كاریگەری تەواوی لەسەر پرسی جیابوونەوە و سەربەخۆیی كوردستان دەبێت.

لە ڕاپۆرتەكەی ئەو ماڵپەرە ئەمەریكییە هاتووە، نەوتی كوردستان كێشەی كەمكردنەوەی هەناردەی نەوتی سعوودیە بۆ ئەمەریكا چارەسەر دەكات و ڕێگر دەبێ لەوەی ئەمەریكا نەوتی كۆگا عەمباركراوەكانی بەكاربێنێت. بەغدا ململانێ دەكات لەوەی ئەو بڕی كەمكراوەی نەوتی سعوودیە كە بۆ ئەمەریكا هەناردە دەكرێ، ئەوان دابینی بكەن، بەڵام دیارە جگەلە بەغدا، هەولێریش بەشێوەیەكی سەربەخۆ و پێش بەغدا كەشتییەكی پڕ لە نەوتی بەرەو ئەمەریكا ئاراستە كردووە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د